وەزیری ناوخۆی عێراق: چەند فەرمانگەیەکی نوێ لە هەڵەبجە دەکرێنەوە

964+

توانا نەقی

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاری کردنەوەی چەند فەرمانگەیەکی نوێی لە پارێزگای هەڵەبجە دەرکرد.

ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، لە درێژەی سەردانەکەی عەبدول ئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆ بۆ کوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کردووە و چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی ئەو پارێزگایە دەرکردووە.

لە کۆبوونەوەی وەزیری ناوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی هەڵەبجە ئەوەی راگەیاند کە بەم نزیکانە هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرت و ئیقامە و باریشارستانی دەکرێتەوە.

پارێزگاری هەڵەبەجەش رایگەیاند، چەن داواکارییەکیان بۆ کردنەوەی فەرمانگەی نوێ و دامەزراندن ئاراستەی وەزیری ناوخۆی عێراق کردووە.

دەشڵێت، یاداشتیان ئاراستەی وەزیر کردوە کە لە بودجە هاوکاری پارێزگای هەڵەبجە بکرێت و لە پرۆسەی دەرهێنانی پاسپۆرت ناوی هەڵەبجە بهێنرێت.

لە بەرواری 13.3.2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای پارێزگای ھەڵەبجەی پەسەند کرد، رۆژی 2ی نیسانیش ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەکە کرد و دواتر خوێندەوەی دووەم کراوە و پارێزگاری هەڵەبجەش داوا دەکات بە زوترین کات خوێندنەوەی سێیەمی پرۆژەی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە ئەنجام بدرێت.