وەزارەت خۆی ١٠٠ ملیۆنەکە بۆ جوتیاران خەرجدەکات، نایانداتێ

964+

میلاد جەلال – کەلار

ڤیدیۆ

وەزارەتی کشتوکاڵ ئەو ١٠٠ ملیۆن دینارە نادات بە جوتیاران کە بڕیار بوو بە قەرز بیانداتێ، بەڵکو خۆی خەرجیدەکات و بەو پارەیە پێداویستی و ئامێری کشتوکاڵییان بۆ دەکڕێت، “بە قسەی خۆیان بۆ ئەوەی پارەکە نەدەن بە شتی دیکە.”

هیوا عەلی، بەرپرسی راگەیاندن لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە 964+ی راگەیاند، “هیچ جوتیارێک ئەو بڕە قەرزە بە دەستی وەرناگرێت،” بەڵکو هەر کەسێک پرۆژەیەکی کشتوکاڵی هەبێت بەو پارەیە پێداویستی پرۆژەکەی بۆ دابین دەکرێت.

بەپێی رێککەوتنێک، پارەکە لەلایەن بانکی عێراقی “القرطاسی” ئیسلامی دابین دەکرێت و بڕەکەی لەنێوان ١٥ ملیۆن تاوەکو ١٠٠ ملیۆن دیناردایە.

بە وتەی بەرپرسی راگەیاندن لە وەزارەتی کشتوکاڵ، پێشتر چەندین جوتیار قەرزیان پێدراوە و بۆ شتی دیکە پارەکەیان خەرجکردووە و نەیانتوانیوە سوود لە پارەکە وەربگرن و پارەکەشیان بۆ نەدراوەتەوە.

ئیسماعیل محەمەد، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری کشتوکاڵی گەرمیان بە 964+ی وت، تەنیا پێداویستی و کەلوپەلی کشتوکاڵی بۆ جوتیاران و دەرچووانی بەشە کشتوکاڵییەکان دابین دەکرێت، “نەوەک پارەیان پێبدرێت.”

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری کشتوکاڵی گەرمیان، وتیشی، لە سنوری گەرمیان تاکو ئێستا یەک کەس داواکاری پێشکەش کردووە و ئەوانیش داواکەیان بۆ وەزارەت بەرزکردووەتەوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ جوتیار و دەرچووی بەشی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری داوای قەرزیان لە وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە و مامەڵەی نزیکەی ١٠٠ کەسیان رەوانەی بانک کراوە.