ژنێکی کورد دەبێتە جێگری سەرۆکی رێکخراوی ئینتەر ناسیوناڵی جیهانی

دوای مام جەلال دووەم کوردە پۆستی باڵا وەرگرێت

+964

کوردستان ئەحمەد – هەولێر


گوڵاڵە شەرەفكەندی، وەك جێگری سەرۆكی رێكخراوی سۆسیاڵ ئەنتەر ناسیۆناڵی ژنان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاریكرا.

لە دواین كۆنگرەی خۆیدا لە ئیسپانیا کە سێ رۆژی خایاند، رێكخراوی سۆسیال ئەنتەر ناسیۆناڵ، ژنێكی كورد وەك جێگری سەرۆكی رێكخراوەكە بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاریكرد.

گوڵاڵە شەرەفكەندی، لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ +964 دەڵێ؛ هیوادارم ئەم پێگەیە بتوانێت خزمەت بەگەلی كوردو دۆسیەی ژنان بە تایبەت بكات.

رێكخراوی سۆسیال ئەنتەر ناسیۆناڵ، رێكخراوێكی جیهانییە لە بواری مافەكانی مرۆڤ و ژنان و منداڵان كاردەكات، سەرۆكی رێكخراوەكەش چەندین جێگری هەیە كە بەرپرسن لە چەند ناچەیەك.

ئەو رێکخراوە ساڵی ١٩٥١ لە لەندەن دامەزراوە، لەتەواوی جیهان 160 ئەندامی هەیە، پێشتریش مام جەلال، سەرۆک کۆماری عێراق، وەک سكرتێری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان کە ئەندامی رێکخراوەیەکە، کرایە سەرۆكی فەخری رێكخراوەكە.

“دەمەوێت ببمە رێخۆشكەر بۆ ئەوەی ژنانی كوردیش لە كایە جیهانیەكاندا زیاتر بچێتە پێشەوە، وەك ئەركەكەم بەرپرسیارم لە دۆخی ژنان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و پێویستە ساڵانە راپۆرتی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ و ژنان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ رێكخراوەكە بەرزبكەمەوە”. گوڵاڵە شەڕەفکەندی وای وت، ئەوەشی خستەڕوو كار دەكەم بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی ژنان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست.

گوڵاڵە شەرەفكەندی، خۆی خەڵكی شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستانە، ١٥ ساڵە ئەندامی رێكخراوی سۆسیاڵ ئەنتەر ناسیۆناڵە، ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوەو دایکی دوو منداڵەو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەوروپای كۆمەڵەی شۆرشگێرانی كوردستانی ئێرانە.