ناحیەی مەلا قەرە بۆ 28 گوند یەک تانکەری ئاوی هەیە

964+

فەهمی نەبی

لەگەڵ دەستپێکی وەرزی هاوین ناحیەی مەلا قەرە کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوەی بۆ دروست دەبێت، بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت تا ئێستا تەنیا یەک تانکەریان بۆ دابینکردووین بۆ ئەوەی کێشەی ئاوی ناحیەکە و گوندەکانی پێ چارەسەر بکەین.

ناحیەی مەلا قەرە، 40 کیلۆ مەتر لە هەولێر دوورە، دەکەوێتە رۆژئاوای قەزای مەخمور، لەنێوان هەردوو ناحیەی کەندێناوە و گوێڕ، لەساڵی 1996 حکومەتی عێراق وەک ناحیە ناساندویەتی، بەڵام تا ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێم وەک گوند دەناسرێت.

ئازاد جەوهەر تەها، بەڕێوەبەری ناحیەی مەلاقەرە، بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، ناحیەکەمان فەرمانگەی ئاوی نییە، ئەگەر کارێکمان هەبێت سەبارەت بە کێشەی ئاو دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی ئاوی دیبەگە بکەین.

ناحیەی مەلا قەرە 28 گوند لەخۆدەگرێت، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان ژمارەی دانیشیوانی سنووری ناحیەکە 25 هەزار کەس دەبێت

سەنتەری ناحیەی مەلا قەرە، تەنیا چوار بیری ئاوی هەیە، بەشێک لە ماڵەکان ئاویان بۆ ناچێت ئەو بیرانە کەرەستەکانیان نەماوە و کەموکوڕیان زۆرە، ئەمەش بەوتەی بەڕێوەبەری ناحیە.

سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی، ئازاد جەوهەر دەڵێت، نوسراومان داوەتە پارێزگای موسڵ و هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی، داوامانکردووە سێ بیری دیکەی ئاو لە ناحیەکە لێبدرێت.

بەوتەی بەڕێوەبەری ناحیە، بەهۆی شەڕی داعش و نزیکی هەندێک لە گوندەکانی مەلا قەرە لە زنجیرە چیای قەرەچوغ، گوند هەیە یەک ماڵی تێدایە، بەڵام ئەو ماڵانەی کە لەگەڵ شەڕی داعش رۆیشتوون بۆ هەولێر نەگەڕاونەتەوە.

27 ساڵە ناحیەیە و هیچ فەرمانگەیەکی لێ نییە

بەپێی زانیاریەکان ناحیەی مەلا قەرە جگە لە باڵەخانەی ناحیە هیچ فەرمانگەیەکی دیکەی حکومی لێ نییە، بەڕێوەبەری ناحیە دەڵێت، بەهەماهەنگی پارێزگای موسڵ و هەولێر بنکەیەکی تەندروستی بۆ دروستکراوە.

هۆکاری ئەوەی بۆچی لە هەرێم نەکراوەتە ناحیە، ئازاد جەوهەر دەڵێت کێشەکە سیاسییە.