وەزارەتی کارەبا هۆکاری دابین نەکردنی کارەبای 24 کاتژمێری ئاشکرا دەکات
964+
فەرمان سادق
ئەمساڵیش ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بەشی ئەوە ناکات کارەبای 24 کاتژمێری بە هاوڵاتیان بدرێت، وتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت پێویستیمان بە حەوت هەزار مێگاوات کارەبا هەیە.
بە قسەی ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بێت، ئێستا ئاستی بەرهەمی کارەبا چوار هەزار مێگاواتە، ئەمەش بەشی ئەوە ناکات کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاوڵاتیان دابین بکەین.
باس لەوەش دەکات کە خواست لەسەر کارەبا بەپێی وەرزەکان دەگۆڕدرێت، لە وەرزی هاوین خواست دەگاتە پێنج هەزار مێگاوات و لە زستانیشدا دەگاتە حەوت هەزار مێگاوات.
یەکێک لە سەرچاوەکانی پێویستی بۆ دابینکردنی کارەبا، غازی شلە بۆ بەگەرخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، هاوکات وەزارەتی کارەباش بە قسەی وتەبێژەکەی بێت لە تاوتوێ ئەوە دایە بەرنامەی سەعاتەکانی پێدانی کارەبا بۆ وەرزی هاوین ئامادە بکات بۆیە هێشتا دیار نییە لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ چەند کاتژمێر لە رۆژێکدا کارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتیان دەدرێت.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت: ئەگەر غاز بۆ وێستگەکان دابین بکرێت و سەرجەم یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کاریان پێ بکرێت ئەوا ئاستی بەرهەم دەگاتە حەوت هەزار مێگاوات و دەتوانین کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاوبەشان دابین بکەین.
زیاتر وتیشی “دابین نەکردنی غازی شل لە ئەستۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە نەک وەزارەتی کارەبا”.