هێڵی شەمەندەفەر فاو لەگەڵ فیشخابور بەیەکەوە دەبەستێتەوە

964+

فەهمی  نەبی

حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی پڕۆژەی رێڕەوی گەشەپێدان، بڕیاریداوە هێڵێکی شەمەندەفەر دروست بکات کە بە 13 پارێزگای عێراق تێپەڕدەبێت.

،ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق، بڕیاریداوە دەستپێکردنی پڕۆژەی رێڕەوی گەشەپێدان لە کۆنفراسی رۆژی شەممەی داهاتوو لەگەڵ وەزیرانی گواستنەوە و گەیاندنی وڵاتانی دراوسێ رابگەیەنێت.

رۆژی شەممەی داهاتوو لە بەغدای پایتەخت کۆنفراسی وەزیرانی گواستنەوە و گەیاندنی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی هاریکاریی کەنداو ئەنجامدەدرێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، پڕۆژەی رێڕەوی گەشەپێدانی بە شادەماری بووژانەوەی عێراق ناوبردووە.

بە پێی پڕۆژە نوێیەکەی حکومەتی عێراق، دروستکردنی هێڵێکی شەمەندەفەر بڕیاری لێدەدرێت، کە لە نێوان فاو بۆ فیشخابور بە دووریی 1200 کیلۆمەتر دەبێت و بە 13 پارێزگای عێراقدا تێپەڕدەبێت.

حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، لە قۆناغی یەکەمدا پڕۆژەکە 100 هەزار هەلی کار دروست دەکات، لە قۆناغی کۆتایی ئەو رێژەیە دەگاتە یەک ملیۆن هەلی کار.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانە بێت، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردووەتەوە، پڕۆژەی رێڕەوی گەشەپێدان چەندان تەوەر لەخۆدەگرێت، لەوانە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، دروستکردنی یەکەی پیشەسازی نوێ و فڕۆکەخانە.