وەزارەتی ناوخۆ لەسەر تۆمارکردنی 385 هەزار سەرپێچی هاتە دەنگ
964+
فەرمان سادق
شەوی رابردوو هاتوچۆی سلێمانی بڵاوی کردەوە کە تەنیا لە یەک رۆژدا کامێراکانی پۆینت تو پۆینت 385 هەزار و 216 سەرپێچی لە رێگەی تاسڵوجە – دوکان تۆمار کردووە، وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت ئامارەکە راست نییە.
وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەندراوێکدا کە کەمێک پێش ئێستا بڵاوی کردوە دەڵێت: تۆمارکردنی 385 هەزار سەرپێچی لە رۆژێکدا لە هاتوچۆی سلێمانی زانیارییەکی هەڵەیە و داتاکە بەهەڵە وەرگیراوە.
دەشڵێت: روونکردنەوەی پێویست لەمبارەیەوە بڵاو دەکرێتەوە بۆ ئاگاداریتان.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو 21.5.2023، بە فەرمی کامێراکانی پۆینت تو پۆینت لەسەر رێگەی تاسڵوجە – دوکان کەوتەکار بە شێوەیەکی ئەزموونی و ئەو ژمارە زۆرە لە سەرپێجی لە ماوەی یەک رۆژدا تۆمارکراوە.
شەوی رابردوو عەقید بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ھاتوچۆی سلێمانی بە 964ی راگەیاند،تەنیا لە ماوەی یەک رۆژدا 385 هەزار و 216 سەرپێچی بە کامێرای پۆینت تو پۆینت تۆمارکراوە.
زیاتر وتیشی “کامێراکان ئەم هەفتەیە بەشێوەیەکی ئەزموونی کاردەکەن و لە دووشەممەی هەفتەی داهاتووەوە کە دەکاتە 29.5.2023 سزاکان تۆمار دەکرێن”.