چەمچەماڵ.. گەنجێک بە دەستڕێژی گوللە کوژرا
964+
هۆگر عەدنان
کەمێک پێش ئێستا گەنجێک لە قەزای چەمچەماڵ دەستڕێژی گوللەی لێدەکرێت و دەستبەجێ گیان لەدەستداوە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی چەمچەماڵ بە 964ـی راگەیاند، ئەو کەسەی دەستڕێژی گوللەی لێکراوە ناوی (ئـ. ج. ع.) تەمەنی 22 ساڵە و خەڵکی گوندی گولمکەوە لەناو شوان.
ئەوەشی خستەڕوو، لەناو بازاڕی چەمچەماڵ دەستڕێژی گوللەی لەلایەن کەسێکەوە لێکراوە و دەستبەجێ لەشوێنی خۆی گیانی لەدەستداوە و ئێستا تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی چەمچەماڵ کراوە.
سەرچاوەکەی پۆلیسی چەمچەماڵ بە مەرجی ئەوە قسەی بۆ 964 کردووە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت.
ئەو دەڵێت: رووداوەکە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بووە و بکوژ کەسێکی ناسراوە و پۆلیسی چەمچەماڵ پەڕاوی لێکۆڵینەوەی کردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیاریەکانی 964 کێشەکە بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، کاتێک هەردوولایان دەبێت بە شەڕیان و چەند کەسێک بریندار دەبیت دواتر هەردوو خێزان سوڵحیان کردووە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق