تەمەنیان پێنج هەزار ساڵە

لە شوێنەواری گردی لەشکری هەولێر شوێنەواری زۆر دۆزراونەتەوە

+964

شیراز عەبدوڵا – هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر  ،بەشی شوێنەواری زانکۆی سڵاحەدین بەهاوبەشی لەگەڵ ئۆتۆنۆمی زانکۆی بەرشێلۆنای ئیسپانی،  ئەنجامی گەڕان و پشکنینی ئەمساڵی  شوێنەواری گردی لەشکری هەولێریان ڕاگەیاند .

لە شوێنەوارەکە  ( پاشماوەی بیناسازی دۆزراوەتەوە کە لە 9 ژوور پێکدێت، لە نێو ژوورەکاندا کورە و ئاگردان هەیە، لە چەند ژوورێکیتردا دوو گۆڕ بە تەواوی ئێسکەپەیکەری تێدایە، یەکێک لە گۆڕەکان نزیکەی 17 گلێنەی تێدا بووە، کە کوپە و گۆزەن بۆ مەبەستی خواردن و خواردنەوە بەکارهێنراون لەو سەردەمەدا .

عەلی بانیشاری، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر لە گردی لەشکر، بە 964 وت، ” ئەوەی کە دۆزراوەتەوە نزیکەی 5000 ساڵ تەمەنیەتی و گرنگی و بایەخی زۆری هەیە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ” نەینەوا پێنج ” 2500 ساڵ پێش زايینە”.

ئاماژەی بەوەش دا : ” لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەی لە گردی لەشکر کاریان کردووە، لە قوڵایی دوو مەتر و مەتر کاریان کردووە و مۆری لوولەیی و سەنارەی دەرگا و ئێسک و پرووسکی ئاژەڵ و مرۆڤییان دۆزیوەتەوە “.

ئەو کەلوپەلانەی دۆزراونەتەوە سەرەتا دەبردرێتە مۆزەخانەی هەولێر و پاکدەکرێنەوە، دواتر تۆما ردەکرێن، دوای توێژینەوەکردن لە هۆڵەکانی مۆزەخانەی شارستانیی هەولێر نمایش دەکرێن .

گردی لەشکر بە دووری 17 کیلۆمەتر دەکەوێتە خۆرهەڵاتی هەولێر، لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 3000 ناوچەی شوێنەواری هەیە ، زانکۆی سەڵاحەدین حەوت ساڵە گرێبەستی لەگەڵ زانکۆی ئۆتۆنۆمی بارسێلۆنای ئیسپانیاهەیە، بەمەبەستی گەڕان و پشکنین لە ناوچە شوێنەواریيەکان.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا