ده‌ڵێت (وه‌ك ئاسن) ده‌یانفرۆشین ‌

حكومه‌ت ئامێره‌ نایاساییه‌كانى بیرلێدان ده‌فرۆشێته‌وه

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیاره‌ له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌، وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى هه‌رێم له‌ مه‌زادێكی ئاشكرادا ته‌واوى ئه‌و ئامێرانه‌ى بیرلێدانى نایاسایی بفرۆشێته‌وه‌، كه‌ له‌ رابردوودا له‌ شوێنى جیاجیا ده‌ستی به‌سه‌رداگرتوون، به‌پێی زانیارییه‌كانى 964 یش ژماره‌ى ئه‌و ئامێرانه‌ زیاتر له‌ 400 ئامێره‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیى سه‌رچاوه‌كانى ئاو، ده‌ست 964 كه‌وتووه‌، له‌ ماوه‌ى هه‌شت مانگى رابردوودا توانیویانه‌ له‌ شوێنه‌ جیاجیاوه‌، ده‌ست به‌سه‌ر نزیكه‌ى 435 ئامێری بیرهه‌ڵكه‌ندنى نایاساییدا بگرن .

هه‌ر به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌، ئه‌و ئامێرانه‌ له‌ شوێنى جیاجیا ده‌ستیان به‌ىسه‌ردا گیراوه‌ له‌وانه‌ش له‌ هه‌ولێر و قه‌زاكانى شه‌قڵاوه‌ و رواندز.

له بانگه‌وازێكیشدا،‌ بەڕێوەبەرایه‌تیی گشتیی ئاوی سه‌رزه‌وی، باس له‌وه‌ ده‌كات‌ كه‌ له‌ زیادكردنێكی ئاشكرادا بەڕێوەبەرایه‌تییه‌كەیان دەست دەکات بە ‌فرۆشتنی ئامێره‌كانى بیرلێدانى نایاسایی كه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا گرتووه‌.

به‌پێی ئه‌و بانگه‌وازه‌ كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست 964 كه‌وتووه‌، ئه‌و ئامێرانه‌ى كه‌ ده‌فرۆشرێن، بریتین له‌ ئوتومبێل، ئامێری پایل، بۆڕی و ستاند، و ئێستا له‌ كۆگاكانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ دان و له‌و موزایه‌ده‌شدا “وه‌ك ئاسن” ده‌یانفرۆشن.

ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات ئه‌وانه‌ى ئاره‌زوومه‌ندى به‌شداریكردنیان هه‌یه‌، ده‌توانن په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ژمێریارى له‌ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتى سه‌رچاوه‌كانى ئاو بكه‌ن، بۆ هێنانى بارمته‌ى یاسایی به‌شێوه‌ى چه‌كی سه‌فته‌چه‌ له ‌بانكى حكومى كه‌ بڕه‌كه‌ى كه‌متر نه‌بێ له‌ 20%.

كاتى ئه‌نجامدانى موزایه‌ده‌كه‌ له‌ رۆژی دووشەممه ‌29.5.2023 كاتژمێر 10ـی به‌یانی له ‌ناو بەڕێوەبەرایه‌تی گشتی سه‌رچاوه‌كانی ئاو ده‌بێت.

حكومه‌ت ئامێره‌ نایاساییه‌كانى بیرلێدان ده‌فرۆشێته‌وه