پسپۆرێک ئاشکرای دەکات

بۆچی ھێشتا بەھای دۆلار لەبەرزیدا ماوەتەوە؟

964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

پرسیاری زۆرێک لە ھاوڵاتییانە، کە بانکی ناوەندی رۆژانە 200 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، به‌ڵام بۆچی ھێشتا بەھای دینار بەرزنەبووەتەوە و نەگەیشتووە بەو نرخەی بانکی ناوەندی دیاریی کردووە.

لە دواین مامەڵەدا، بەھای 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 146.600 دینار بوو، ئەگەرچی چەند ھەفتەیەک پێش ئێستا بەھای دینار بۆ 140.000 بەرانبەر 100 دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام دیسان بەھای لەدەستدایەوە.

کامەران قادر پسپۆری دارایی و بانک ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ بە تۆڕی 964ی وت، “ئێستا نزیکەی 90 ترلیۆن دینار پارەی عێراقی لە بازاڕدا بوونی ھەیە، لە کاتێکدا چوار ساڵ پێش ئێستا تەنیا 60 ترلیۆن دینار لە بازاڕدا ھەبوو، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە بڕی دیناری عێراقی نزیکەی لەسەدا 50 لە بازاڕدا زیادی کردووە”.

“زۆرێک لە بازرگانەکان داوای دۆلار لە بانکە بازرگانییەکان دەکەن، بەڵام بە ھۆکاری ئەوەی مەرجەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایان تێدانییە دەربارەی سەرچاوەی ھاوردەیان، دۆلاریان پێ نادرێت، لەو دۆخەشدا بازرگانەکان پەنا بۆ بازاڕی رەش دەبەن و دۆلار بۆ ئێران و سوریا دەچێت، ئەمەش وای کردووە بەھای دینار لە نزمیدا بمێنێتەوە، کە ئامانجی ئەمریکا ئەوەیە کەمترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و ئێران بکرێ و بازرگانان روو لە ئوردن، قەتەڕ، سعودیە و ئیمارات بکەن” کامەران قادر وای وت.

قادر لە بارەی رێگەچارەی ئەم دۆخە ئەوەی وت: “دەبێت بانکی ناوەندی بڕیارێکی نوێ بدات و لە ئێستا بەدواوە رۆژانە 300 ملیۆن دۆلار بخاتە بازاڕەوە، تا هێزی دینار بەسەر دۆلاردا بشکێت و بەھای دۆلار بەرامبەر دینار روو لە دابەزین بکات و تارادەیەک بەھای دراوی عێراقی روو لە سەقامگیری بکاتەوە”.

لە بارەی ماستەر کاردەکانەوە، ئەو پسپۆرە روونی کردەوە، “کرانەوەی ماستەر کاردەکان رۆڵی گەورەیان دەبێت لە بەرزکردنەوەی بەھای دیناری عێراقی و ئاسانکار بووە بۆ کاری بازرگانی و لە وڵاتە قەدەغەکراوەکانی وه‌ك ئێران و سوریاش کار ناکات”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا