دروێنەی گەنمی ئەمساڵ لە گەرمیان - وێنە: 964
شەپۆلێکی باران بەڕێوەیە و لەبارەی دروێنەی گەنم هۆشداری دەدرێت
فەهمی نەبی
بەگوێرەی پێشبینی کەشناسی بێت، لە رۆژی هەینیەوە باران بارین دەستپێدەکات و شارەزایەکی کەشناسی هۆشداری دەداتە جوتیارەکانی گەرمیان و دەڵێت ئەو بارانە زیانی بۆ گەنم دەبێت.
ئەو شەپۆلەی دێتە ئاسمانی هەرێمی کوردستان، لە دەریای سوور و دەریای سپییەوە دێت، پێشبینیەکان بەمجۆرەیە کە بارانەکەی ناوبەناوە، لە ئێوارەی هەینیەوە تا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.
سیروان ساڵح، شارەزای بواری کەشناسی بۆ 964 دەڵێت: لە گەرمیان گەنم وشک بووە، بۆیە باران بارین لەم کاتەدا هیچ سودی بۆ گەنم نییە، لەهەمان کاتدا بارانەکە هەورە بروسکەی لەگەڵە و مەترسی ئاگر کەوتنەوە هەیە و خێرایی با زیانی بۆ هەڵوەراندنی گەنم و جۆ دەبێت.
سەرچاوەکانی پێشبینی کەشناسی دەریدەخەن، تا کۆتایی ئەم هەفتەیە پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە، بەڵام لە رۆژی هەینیەوە لەگەڵ دەستپێکی شەپۆلی باران بارینەکە، پلەکانی گەرماش شەش بۆ حەوت پلە دادەبەزێت.
سیروان ساڵح، ئەوەشی وت “پێویستە برا جوتیارەکان دەستوبرد بکەن لە دروێنەکردن، چونکە مەترسی لەسەر گەنمەکانیان دروست دەبێت”.
هەفتەی رابردوو، بەهۆی هەورە بروسکەوە لە چەند شوێنیکی هەرێمی کوردستان پێنج رووداوی ئاگر کەوتنەوە لە دەغڵودان تۆمارکرا.
پێشبینیەکانی کەشناسی دەریدەخەن، ناوچە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان بارانی زیاتری لێدەبارێت.