10 ساڵە ئاکرێ چاوەڕێی زانکۆیە
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
14 ساڵە کۆلیژی پەروەردە لە قەزای ئاکرێ کراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران کردنەوەی زانکۆی لەو شارە پەسند کردووە، بەڵام هێشتا نەکراوەتەوە.
بە فەرمی کۆلیژی پەروەردەی ئاکرێ لە 1.10.2009 کرایەوە، ئەوکات تەنیا بەشی عەرەبی و کۆمەڵایەتی هەبوو، بەڵام ئێستا حەوت بەشی زانستی هەیە و کۆی ژمارەی خوێندکارانیشی دەگاتە سێ هەزار خوێندکار.
چەند رۆژێکە ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی نیشانداوە لەسەر کردنەوەی زانکۆی ئاکرێ، ئەوەی ماوە کردنەوەی زانکۆیەکەیە بە فەرمی.
قەزای ئاکرێ، یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای دھۆک لە باشووری کوردستان , ناوەندەکەی شاری ئاکرێیە و ژمارەی دانیشتووانی بەپێی مەزەندەی دەستەی ئاماری هەرێم لە ساڵی 2018ـەدا، 194,110 کەس بووە.
ئاکرێ، ساڵی 1877 بووە بە قەزا و هەریەکە لە گردەســێن، دیــنـارتـــە و بجـــێــل ناحیەن و سەر بەو قەزایەن.
دکتور رەشاد کەمال، راگری کۆلیژی پەروەردەی ئاکرێ بە 964ی وت، لیژنەیەک بۆ بە بە فەرمی کردنەوەی زانکۆی ئاکرێ پێکهێنراوە و پرۆپۆزەڵی بە وەزارەتی خوێندنی باڵا داوە و پەسەند کراوە و ئەنجومەنی وەزیرانیش رەزامەندی لەسەر داوە، تەنیا ماوە بە فەرمی رابگەیندرێت.
دەشڵێت: بڕیارە بەمنزیکانە بە فەرمی رابگەیەندرێت، باوەڕیش ناکەم زۆر دوا بکەوێت چونکە کۆلیژی ئاکرێ هەموو مەرجەکانی زانستی و پیشەیی تێدایە.
تەنیا لە کۆلیژی پەروەردەی ئاکرێ و هەردوو پەیمانگای تەکنیکی ئاکرێ و بەردەڕەش، 60 مامۆستای هەڵگری بڕاونامەی دکتورا و ماستەر هەیە، جگە لەوانە دوو بینای دیکەی لێیە کە 45 هوڵی خوێندن و 10 تاقیگەی زانستی و کتێبخانەیەکی گەورەی تێدایە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق