کرێکارانی دهۆک بیناکەیان دەبەخشن بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەک

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

لقی دهۆکی سەندیکای کرێکاران ئامادەن دەستبەرداری بینایەکەیان ببن بە مەرجی ئەوەی بکرێت بە نەخۆشخانە بۆ کرێکاران.

بینای لقی دهۆکی سەندیکای کرێکاران، رووبەرەکەی هەشت هەزار مەتر دوجایە و ساڵی 1983 دروستکراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا نۆژەن نەکراوەتەوە.

964 دەزانێت، لە دهۆک نزیکەی 120 هەزار کرێکار هەیە، ئەوە جگە لە کرێکارە ئاوارە و بیانییەکان.

وڵات ئەمین، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکاران بە 964ی وت “بینای سەندیکای کرێکاران لە دهۆک زۆر کۆن بووە، لەساڵی 1983 تەواوکراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا نوژەن نەکراوەتەوە، نۆژەنکردنەوەکەشی پێویستی بە 800 ملیون تا یەک ملیار دینار هەیە و ئێمەش ئەو پارەیەمان نییە”.

لقی دهۆکی سەندیکای کرێکاران لە داواکاری نامەیەک بۆ ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک کە 15 خاڵە، یەکێک لە خاڵەکانی ئەوەیە کە ئامادەن دەستبەرداری بینایەکەیان ببن بە مەرجی ئەوەی بکرێتە نەخۆشخانەیەک بۆ کرێکاران.

وڵات ئەمین دەشڵێت: دەمانەوێت شتێک بێت کە زیاتر خزمەتی بۆ کرێکاران هەبێت.