داواكراوه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دوو بودجه‌ى هه‌بێت

964+
فه‌رمان سادق
ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانى عێراق خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى بۆ پێشنیازه‌ بڕیاری به‌پارێزگا بوونى هه‌ڵه‌بجه‌ كرد و په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت، پێشنیاریان كردووه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ جگه‌ له‌ بودجه‌كه‌ى خۆی بودجه‌یه‌كی تایبه‌تیشى بۆ دیاری بكرێت.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌‌ 4.5.2023 په‌رله‌مانى عێراق له‌ دانیشتنى ئاسایی خۆیدا، خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى بۆ پێشنیاره‌ بڕیارى به‌ پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ كرد.
كاروان یاروه‌یس په‌رله‌مانتارى كورد له‌ به‌غدا به‌ 964ـى وت “داوامانكردووه‌ جگه‌ له‌ دانانى بودجه‌ى گه‌شه‌پێدانى پارێزگاكان بۆ هه‌ڵه‌بجه‌، بودجه‌یه‌كی تایبه‌تیشى بۆ‌ دابنرێت، تاكو سیماى به‌ پارێزگابوونى پێوه‌ دیار بێت”.
به‌قسه‌ى ناوبراو دواى خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م، لیژنه‌كانى هه‌رێم و پارێزگاكان و لیژنه‌ى یاسایی راپۆرتى خۆیان و سه‌ره‌نجى په‌رله‌مانتاران له‌ راپۆرتێكی هاو‌به‌شدا كۆده‌كه‌نه‌وه‌ ره‌وانه‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى ده‌كه‌ن بۆ خوێندنه‌وه‌ى سێیه‌م و ده‌نگدان له‌سه‌رى.
وتیشی “چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین كه‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بدات كه‌ كه‌ى ده‌یخاته‌وه‌‌ كارنامه‌ى دانیشتنه‌كانى”.
به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، په‌ر‌له‌مانى عێراق له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا ده‌چێته‌ پشووى هاوینه‌ى یاسادانان كه‌ ماوه‌ى دوو مانگه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ به‌هۆى بودجه‌وه‌، پشووه‌كه‌ى بۆ مانگێك كه‌مبكرێته‌وه‌.