غاز، ژن و پیاوێكی لە سێمێڵ سوتاند

+964
عەمار عەزیز -دهۆك

لەقەزای سێمێل، بەهۆی گڕگرتنی بوتڵی غازەوە ژن و پیاوێك سووتان و تەندروستییان جێگیرە.

بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە +964ـی راگەیاند؛ بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە٢٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، لە قەزای سێمێڵ، بوتڵێك غاز گڕی گرتووە و بەهۆیەوە ژن و پیاوێك كە هاوسەری یەكترن، سووتاون و رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی دهۆک كراون، ئێستا تەندروستییان جێگیرە.

بێوار عەبدولعەزیز وتیشی “هۆكاری ئاگرکەوتنەوەکە لێچوون بووە لە بوتڵی غازەکە، دواتر لەناو ماڵدا بڵاوبووەتەوەو گڕی گرتووە،  خۆشبەختانە بۆتڵی غازەکە نەتەقیوە، زیانی مادی بەر ماڵەکە نەگەیاندووە، بەڵام کەمێک کەلوپەلی ناوماڵەکە سووتاون”.

.ئەو رووداوە لەكاتێكدایە شەوی سێ شەممە ٢١ـی تشرینی دووەم، بەهۆی تەقینەوەی تانکییەکی غازەوە پێنج كەس گیانیان لەدەستداو ٣٧ كەسی دیكەش برینداربوون