بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی سلێمانی

زانکۆیەکی ئیتاڵیا لە شوێنەوارەکانی سلێمانی دەکۆڵێتەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی لەگەڵ هەمان بەشدا لە زانکۆی ساپیێنزای ئیتاڵی، ئاڵوگۆڕی خوێندکار و مامۆستا دەکەن و تیمی هاوبەشیش بۆ هەڵكۆڵین و رووپێوی شوێنەوارەکانی پارێزگای سلێمانی پێکدەهێنن.

ئەو دوو بەشە رێکەوتی 28.4.2023 لێکتێگەیشتنێکیان واژۆ کردووە لەوبارەیەوە.

بەپێی ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنەکە بێت، لە پاییزی ئەمساڵدا کۆنفرانسێکی زانستی نێودەوڵەتی لە شاری سلێمانی ساز دەکەن. قۆناغی دواتر ئاڵوگۆڕی خوێندکار و مامۆستا دەکەن و پاشانیش بە هاوبەشی کاری هەڵکۆڵین و رووپێوی شوێنەوارەکان دەکەن.

دڵشاد زاموا، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی شوێنەوار لە زانکۆی سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، زانکۆی ساپیێنز لە پلەی یەکەمدایە لەسەر ئاستی جیهان بەپێی ریزبەندی شەنگەهای بۆ هەڵسەنگاندن و ریزبەندی بەشی زانستی زانکۆکان.

وتیشی، بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی بەشێکی چالاکە و چەندان پەیوەندی گرنگی لەگەڵ زانکۆ بەناوبانگەکانی دنیا هەیە.