مامۆستایانی کوردی وانەبێژی کەرکوک داوای چونە سەر بەغدا دەکەن

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

مامۆستایانی وانەبێژی کەرکوک سەر بە هەرێمی کوردستان لە بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکوک دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.

ئەمڕۆ سێ شەممە 2.5.2023 ژمارەیەک لە مامۆستایانی وانەبێژ کە لەسەر میلاکی هەرێمی کوردستان دامەزراون داوا دەکەن راژەکانیان بخرێتە سەر حکومەتی ناوەند بۆ ئەو مەبەستە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

سۆران محەمەد، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان لە کەرکوک بە 964ی وت، ”  ژمارەمان 1043 مامۆستایە و دابەش بووین بە سەر قوتابخانە سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک، ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە مامۆستایانی کەرکوک راژەکەیان بگوازرێتەوە سەر حکومەتی ناوەند، ئێمەش بە مافی خۆمانی دەزانین لەو هەنگاوە بێبەش نەبین و راژەکەمان بگوازرێتەوە سەر حکومەتی ناوەند.

نوێنەری خوێندنی کوردی سەردانی خۆپیشاندەرانی کرد و پاشان پێنج لە وانەبێژان بە نوێنەرایەتی هاوڕێکانیان سەردانی بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردیان کرد و تاوەکو ئامادە کردنی ئەم هەواڵە لە کۆبونەوەدان.

پێداچوونەوە: توانا نەقی