سۆراغ؛ حكومەت وەڵامی ئیمەیڵ و تەلەفۆن ناداتەوە
كوردستان ئەحمەد – هەولێر
بە سۆراغی 964+، لە كۆی ٢٢ وەزارەتی هەرێمی کوردستان، تەنیا یەكیان وەڵامی ئیمەیڵ دەداتەوە، هیچیان وەڵامی تەلەفۆن نادەنەوە.
964+ بەدواداچوونی بۆ بەشی راگەیاندنەكان لە وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستان كرد، ئەو ئیمەیڵ و ژمارە تەلەفۆنانەی لە هەژمارە فەرمییەکانیان لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی دایانناوە، تەنیا وەزارەتی گەشتوگوزار وەڵامی ئیمەیڵ و تەلەفۆنی داوەتەوە.
964+ لە رۆژی ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ئیمەیڵی بۆ سەرجەم وەزارەتەكان نارد، ئەمڕۆش پەیوەندی بە ئەو ژمارە تەلەفۆنانەوە کرد كە وەزارەتەکان لە بەشی راگەیاندن و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی دایانناوە.
هەروەها، بەپێی بەدواداچوونەكان، وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی کاروباری پێکهاتەکان و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان هیچ جۆرە ئیمەیڵ و ژمارەیەكی پەیوەندییان نییە و لە سۆشیاڵ میدیاش هیچ هەژمارێكی فەرمیان نییە.
هەر بەپێی بەدواداچوونەكانی 964+، لە كۆی ٢٢ وەزارەت ١٠ وەزارەت هیچ جۆرە لۆگۆیەكی فەرمیان نییە و لە نوسراوە فەرمیەكاندا تەنیا لۆگۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنن كە بریتین لە وەزارەتەكانی دارایی، رۆشنبیری، شارەوانی، گواستنەوە، ئەوقاف، ئاوەدانكردنەوە، پلاندانان، وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان و وەزارەتی دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان.
بۆ وەرگرتنی زانیاری و ئاگاداركردنەوەی کەسانی پەیوەندیدار، +964 هەشت جار پەیوەندی کرد بە جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.
حكومەت وەڵامی هاوڵاتیش ناداتەوە، هەر لە 964+ وەکو هاوڵاتی پەیوەندیکراوە بە وەزارەتەکان، بەڵام وەڵام نەدراوەتەوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ دامەزراوە و لە ٢٢ وەزارەت و سێ دەستە پێكدێت و تاوەکو ئێستا نۆ كابینەی بەڕێكردووە، مەسرور مەسعود مستەفا بارزانی سەرۆكایەتی كابینەی نۆیەم دەكات.