بەڕێوەبەرێکی گومرگ 46 بارهەڵگری بە پارە دەربازکردبوو دەستگیرکرا
964+
فەهمی نەبی
دەستەی دەستپاکی عێراق دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری گومرگی باکوری ئوم قەسر و دوو فەرمانبەری دیکەی ئەو گومرگەی راگەیاند، ئەوان پارەیان وەرگرتووە بەرامبەر تێپەڕکردنی چەندین بارهەڵگر.
رۆژی پێنجشەممە دەستەی دەستپاکی عێراق لەرێگەی دەزگا ئەمنیەکانی پارێزگای بەسرە ئەو کردەیەی ئەنجامداوە.
بەڕێوەبەری گومرگ بەرامبەر بە پارە رێگەیداوە بە تێپەڕبوونی 46 بارهەڵگر کە 68 ئۆتۆمبێڵی تێدابووە لەجۆری “نوع جنون” واتا ئەو ئۆتۆمبێڵانەی پارچەکراون و هیچ سەرەتایەکیان نییە.
لە هەواڵەکەی دەستەی دەستپاکی ئەوەش هاتووە، بەڕێوەبەری گومرگ ئەو بارهەڵگرانەی وەک کەلوپەلی ناو ماڵ ناساندبوو.
دواتر پۆلیس لە شوقەی بەڕێوەبەری گومرگ دەستیگرتووە بەسەر 33 هەزار دۆلاری ئەمریکی و بڕی سێ ملیۆن و 800 هەزار دیناری عێراقی.
دوای دەستگیرکردنیان بەڕێوەبەر و دوو کارمەندەکەی بەشی سۆنار، دانیانناوە بە وەرگرتنی پارە لەپێناو گۆڕینی ناوی کەرەستەکان لە ئۆتۆمبێڵەوە بۆ کەلوپەلی ناو ماڵ.