هێلكاری بۆ شەقامەکانی ئیدارەی سۆران دەکرێت

964+

فەرمان سادق

کارمەندانی ئەندازەی هاتوچۆی سۆران لە هەولێر راهێنان لەسەر هێلکاری بە بۆیەی گەرم دەکەن بۆ ئەوەی شەقامەکانی شارەکەیان هێلکاری بۆ بکەن.

مقەدەم موحسین تەحسین، وتەبێژی هاتوچۆی ئیدارەی سۆران بە 964ـی وت، چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو هێلکاری بۆ شەقامەکانی سۆران ئەنجام بدرێت.

دەشڵێت: بۆ ئەمە کارمەندانی ئەندازەی هاتوچۆی سۆران ئێستا لە هەولێرن و راهێنان لەسەر هێلکاری بە بۆیەی گەرم ئەنجامدەدەن، بۆ ئەمەش سەرقاڵی هێلکاری شەقامەکانی هەولێرن.

وتەبێژی هاتوچۆی سۆران، ئەوەش رووندەکاتەوە کە ئامێری تازەی هێلکاری بە بۆیەی گەرم گەیشتووەتە سۆران، ئەوەی ماوەتەوە راهێنانی کارمەندانی بەشی ئەندازەیی هاتوچۆیە.

لەبارەی ئەوەی کامانەن ئەو شەقامانەی هێلکارییان بۆ ئەنجامدەدرێت و چەند کیلۆمەترن، مقەدەم موحسین تەحسین، وتەبێژی هاتوچۆی ئیدارەی سۆران دەڵێت: هەموو ئەو شەقامانەی ساڵی رابردوو نۆژەن و قیرتاو کراونەتەوە هێلکارییان بۆ دەکرێت، بەڵام بۆ ئەمە وەک بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سۆران کۆ دەبینەوە، بۆ دەستنیشانکردنی ئەو شەقامانەی هێلکارییان بۆ ئەنجامدەدرێت.

زیاتر وتیشی “لە قۆناغی یەکەمیشدا لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران دەستی پێدەكەین، دواترا لەقەزاکانی دیکەش دەست بەهێڵکاری دەکرێت.”