بیرە نەوتێک لە کەرکوک _ وێنە: ئاژانسەکان
رۆژنامەی شەرق ئەوسەت:
“هەرێم بەهۆی راگرتنی نەوتەکەیەوە 850 ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتووە”
964+
فەهمی نەبی
رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لەسەر زاری سەرچاوەیەکی فەرمی وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردوەتەوە، بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتەوە، هەرێمی کوردستان 850 ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتووە، ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی وتووە، ترس هەیە لەوەی هەرێم رووبەڕووی مایەپوچ بوون ببێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە هەواڵێکدا ئەو زانیاریەی لەسەر زاری سەرچاوەیەکی فەرمی وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاوکردوەتەوە بەبێ ئەوەی ناوی بهێنرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە هەرێم و بەغدا رێککەوتوون لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بەڵام هێشتا روون نییە کەی دەست بە پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکرێت.
بەگەوێرەی رۆژنامەی شەرق ئەوسەت، تا ئێستا هیچ یەک لەو خاڵا بنەڕەتیانەی لە رێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە جێبەجێنەکراون، لەوانە رێککەوتن هەبووە لەسەر هەناردکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، هاوکات نوێنەری هەرێم لەو کۆمپانیایە هەبێت و جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بدرێتە کورد.
ساڵی 2014 وەزارەتی نەوتی عێراق لە دادگای ناوبژیوانی پاریس سكاڵای لەسەر تورکیا تۆمارکرد، ئەمەش بەهۆی رێگەدان بە گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆڕییەوە، لە رۆژی 25.3.2023 دادگای ناوبژیوانی پاریس بڕیارەکەی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق یەکلایی کردەوە و بەهۆیەوە مانگێک و دوو رۆژە نەوتی هەرێم وەستاوە.