دیسان پەیکەرەکانی پارکی منارە شکێندرانەوە

964+

شیراز عەبدوڵا-هەولێر

جارێکیتر بەشێک لە پەیکەری هونەرمەند و شاعیرانی پارکی منارەی هەولێر شکێنرایەوە.

پەیکەرەکەی نالی شاعیر لوتی شکێنراوە، چەند مەترێک لەدووری پەیکەرەکەی نالی، پەیکەری لەیلا قاسم هەیە، بە بۆیە لێوی سوورکراوە و شێوێندراوە.

رێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، بە 964ی وت “پێشتر ئەگەر ئەم کارە دەکرا هیچ کامێرایەکی چاودێری لەو شوێنە نەبوو، بەڵام ئێستا کامێرای چاودێری لێیە و بەدواداچوونی بۆ دەکەین”.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوو بۆ دووەمجارە پەیکەرەکانی پارکی منارەی هەولێر دەشێوێندرێت، ساڵی رابردوو لەسەر ئەرکی پارێزگای هەولێر پەیکەرەکان نوێکرانەوە.

کۆی گشتی پەیکەرەکانی پارکی منارەی هەولێر 34 پەیکەرن، چوار لەو پەیکەرانە بۆ هەریەکە لە قەدەم خێر، خانزادی میری سۆران، لەیلا قاسم و مەستورەی ئەردەلان تەرخانکراون.

16 لەو پەیکەرانە هی شاعیر و نوسەرانن، حەوت پەیکەریان بۆ موسیقاژەن و هونەرمەندانی بواری گۆرانین، بەشێکی تری هی کەسایەتیەکانی کوردن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی