ساڵانی تریش ئەو کارەی کردووە

ئیتاڵیا هاوکاریی شێڵتەرەکانی هەرێم دەکات

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

وڵاتی ئیتاڵیا لە بەڕێوەبردنی شێڵتەر و شێوازی شیاندنەوە و گەڕاندنەوەی ژنانی داڵدەدراو بۆ ناو کۆمەڵگە، هاوکاریی هەرێم دەکات و کارەکانیشیان دەستپێکردووە.

لە هەرێمی کوردستان چوار شێڵتەری داڵدەدان هەن، کە ژنان لە کاتی مەترسی لەسەریان پەنای بۆ دەبەن و تا ئەوکاتەی پێویست بکات تێیدا دەمێننەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 25.4.2023 بەرێوەبەری گشتیی ئاژانسی گەشەپێدانی ئیتاڵیا و میشیل كامیرۆنا، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێم سەردانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمیان کردووە.

ئیتاڵییەکان لە رێگەی کردنەوەی دەورات و دابینکردنی پێداویستی و بوودجەوە هاوکاریی شێڵتەرەکان دەکەن. ئەمە وتەی ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە بۆ تۆڕی 964.

وتیشی، “ئەوە یەکەمجار نییە ئەوان ئەو کارە دەکەن و ساڵانی تریش بەتایبەت بە دابینکردنی بوودجەیەک هاوکاریی ئەو شێڵتەرانەیان کردووە”.