وەزارەتی ناوخۆ بۆ حزبە سیاسییەکان: با پاسەوانەکانتان چەک نەبەنەوە ماڵەوە
964+
فەرمان سادق
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە حزبەکان دەکات لە بۆنەکاندا چەک نەبەخشن و کۆگاش بۆ پاسەوانەکانیان دروست بکەن بۆ ئەوەی چەکەکانیان نەبەنەوە ماڵ.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نوسراوی ژمارە (10338) کە لە 25.4.2023، واتە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوی کردووەتەوە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی چەک و دیاردەی چەکداری، لەڕێی چەند خاڵێکەوە داوای هاوکاری و هەماهەنگی لە پارت و هێزە سیاسییە مۆڵەتدراوەکانی کوردستان دەکات.
نووسراوەکە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی لەسەرە و داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکات کە میدیاکانیان بۆ هەڵمەتی هۆشیاری ئەندامانیان و هاوڵاتیان بخەنەگەڕ تا چەک لە ماڵەکان نەبێت و کەس چەکی بێ مۆڵەت هەڵنەگرێت.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ ئەوەش هاتووە، “داوا کراوە کە هیچ حزبێک لە هیچ بۆنەیەکدا چەک وەکو دیاری نەبەخشێتە ئەندام و لایەنگرانی خۆی و داواش کراوە کە لە بارەگانیان کۆگا دروست بکەن تا پاسەوانی بارەگاکانیان لە دوای دەوام چەک نەبەنەوە ماڵەوە”.
ئەو نووسراوەی وەزارەتی ناوخۆ لە کاتێکدایە پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی قەدەغەکردنی چەکی نا یاسایی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و لەگەڵیشدا هەڵمەتێکی ناونووس کردنی چەکی ناو ماڵەکانی ئەنجامدا و داواشی لە خەڵک کرد سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردنی چەک بکەن، هەروەها بە مەبەستی رێکخستنەوەیان سەرجەم بازارەکانی فرۆشتنی چەکی داخست، بەڵام هەوڵەکانی حکومەت نەبووە هۆی بنەبڕکردنی چەک و ئەو تاوانانەی بە چەک ئەنجامدەدرێن.
وەزیری ناوخۆ، ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەجێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە، زەمینەیەکی باشتر بۆ کۆمەڵگەی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و کەمکردنەوەی دیاردەی چەکداری دروست دەبێت، کە دواجار ئەمە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەرفەتی تاوان و توندوتیژی، ئەمەش بە قازانجی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان تەواو دەبێت.