بارانی ئەمساڵ تینوێتی بەنداوەکانی کوردستانی شکاند

964+

فەرمان سادق

بارانی ئەمساڵ ئاستی ئاوی بەنداوەکانی لە کوردستان بەرز کردووەتەوە، ئاوێکی زۆر گل دراوەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکان لە سەرجەم بەنداوەکان ئاستی ئاو بەرز بووەتەوە و فەرمانگەی میدیا و زانیارییش لە راپۆرتێکدا ئاماری سەرجەم بەنداوەکانی بڵاوکردەوە.

بەنداوی دێوانە لە گەرمیان، یەکێکە لەو بەنداوانەی کە ساڵی رابردوو تەواو کراوە و ئەمساڵ ئاوی تێدا گل دراوەتەوە، ماوەی چەند مانگێکە سەرڕێژ بووە و بەڕێوەبەری بەنداوەکەش دەڵێت: 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا گل دراوەتەوە.

هەر لە گەرمیان، ئەمساڵ کارەکانی دروستکردنی بەنداوی تووڕەجار تەواو کراوە و توانرا ئاوی تێدا گل بدرێتەوە، بەهۆی ئەو بارانبارینەشی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە بە ماوەیەکی کەم سەرڕێژ بووە.

بەنداوەکە ئێستا ملیۆنێک و 750 هەزار مەتر سێجا ئاوی تێدا گل دراوەتەوە.

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخانیش دەڵێت، دوای ئەو بارانبارینە بە خوڕەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئاستی ئاوی بەنداوەکە بە رێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و بەمەش ئاوی گلدراوە بووەتە ملیارێک و 648 ملیۆن مەتر سێجا و کۆی گشتی ئاوی دەریاچەکەش 56%ـە.

بەنداوی خنس لە دهۆک، یەکێکە لەو بەنداوانەی کە ئەمساڵ کارەکانی نۆژەنکردنەوەی کۆتایی هاتووە، ئەمساڵ سەرڕێژ بووە و حەوت ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل دراوەتەوە.

هەر لە دهۆک، بەنداوی کەشکان و بەنداوی دهۆک دوو لەو بەنداوانەن کە ئاویان تێدا گل دراوەتەوە و سەرەڕای ئەو بارانبارینەی کە رووی لە ناوچە کردووە، بەڵام سەرڕێژ نەبوونە و بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک بێت، رێژەی کۆکراوەی ئاو لە هەردوو بەنداوەکە 22 ملیۆن و 854 هەزار مەتر سێجایە.

لە دەریاجەی دوکان، رێژەی کۆکراوەی ئاو گەیشتووەتە 41.5% و شەش مەتر و 20 سانتیمەتر ئاستی ئاوەکەی زیادی کردووە.

بەڕێوەبەری بەنداوەکەش دەڵێت: ئەمساڵ 494 ملم باران باریوە، بۆیە ئاستی ئاوی بەنداوەکە هێندە بەرز بووەتەوە.