بیری ئیرتیوازی هۆکاری گرانبوونی برنجی ئاکرێیە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ، رێگە بە جوتیارانی ئاکرێ نادرێت بە بیری ئیرتیوازی برنج ئاو بدەن، ئەمە بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی برنجی ئەو قەزایە.

ئێستا نرخی یەک کیلۆ برنجی کوردی ئاکرێ لە جۆری “سەدری” گەیشتووەتە نزیکەی شەش ھەزار دینار و بەراورد بە پار بۆ هەر کیلۆیەک دوو هەزار دینار گرانبووە.

بیری ئیرتیوازی، ئەو بیرانەیە کە لە روکاری زەویدا هەڵدەکەنرێن و قوڵایی هەندێکیان دەگاتە ١٥٠ مەتر، زۆر جار جووتیاران بۆ ئاودان بەکاریدەهێنن و لە سنووری ئاکرێ زیاتر لە ١٧٠٠ بیری ئیرتیوازی هەن.

فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ بە 964+ی راگەیاند، ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە بەرهەمی برنج کەمیکردووە و خواستیش لەسەر برنجەکە زیادیکردووە، بۆیە گرانبووە.

زۆرترین رێژەی برنجی هەرێمی کوردستان لە ئاکرێ بەرهەمدێت بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ، بۆ ئەمساڵ نۆ هەزار و ١٥ دۆنم زەوی لەو قەزایە بە برنج چێندراوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو ١٢ هەزار و ٥٠٠ دۆنم زەوی بۆ برنج تەرخانکرابوو.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ دەڵێت، ” ئەمساڵ ١٠ هەزار تۆن برنجی ئاکرێ بەرهەمهاتووە و هەموو ساڵێک نیوەی بەرهەمی برنجی هەرێمی کوردستان لە ئاکرێ بەرهەمدێت.”

بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ قەدەغەکردنی ئاودان بە بیری ئیرتیوازی، لە ساڵی رابردووەوە دەرچووە، بەڵام بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ دەڵێت هەندێک جووتیار جێبەجێی ناکەن.

برنجی کوردی لە رووی نرخەوە لە برنجە هاوردەکراوەکان گرانترە، ساڵانە نزیکەی ٢٠٠ هەزار تۆن برنج لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا تەنیا ٢٠ هەزار تۆن برنج لە ناوخۆ بەرهەمدەهێندرێت.