"تێچووی سەفەرەکە لە ئەستۆی خۆیانە"
بۆ حەج کەسوکاری شەهیدان پشکیان هەیە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
کەسوکاری شەهیدان 100 پشکیان بۆ حەجکردنی ئەمساڵ هەیە، وەزارەتی کاروباری شەهیدان دەڵێت، ناوەکانیان یەکلایی کردووەتەوە.
پشکی هەرێم بۆ ناردنی حاجییان بۆ ساڵی 2023 زیاتر لە 4685 کەسە، کە لە رێگەی 160 کۆمپانیای مۆڵەتپێدراوی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمەوە گەشتەکانیان بۆ ئەنجام دەدەرێت.
عادل مەلا ساڵح، وتەبێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ناوی ئەو 100 کەسەمان ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف کردووەتەوە.
وتیشی، “هەموو تێچوویەکی حەجکردن دەکەوێتە ئەستۆی کەسوکاری شەهیدان خۆیان و وەکو وەزارەت تەنیا ئەو پشکانەیان بۆ دیاریی کراوە و تیروپشکیان بۆ دەکرێت”.