لەسەر 30 هەزار دینار پێنج کەس بریندار بوون

964+
کاروان ساڵحی، کەرکوک

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 17.4.2023 بە هۆی کڕین و فرۆشتنی ماتۆرسکیل لە نێوان چەند گەنجێک لە گوندی سەربیر سەر بە ناحیەی پردێ شەڕ دروست بوو، شەڕکەرەکان بە دارو بەرد کەوتنە گیانی یەکترو بە هۆیەوە پێنج کەس برینداربوون و هەمووشیان دەستگیرکران.

عەقید عەلی فەتحی بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی پردێ بە 964ی وت نیوەڕۆی ئەمڕۆم هێزەکانیان ئاگادار کراونەتەوە لە گوندی سەربیری سنوری ناحیەی پردێ شەڕ بەدار و بەرد و ئاسن لە نێوان دانيشتووانی گوندەکە روویداوە.

شەڕکەرەکان کە مام و برازای یەکترن پێنجیان بریندار بوون، ”دەستبەجێ سەرجەمیشيان راپێچی بنکەی پۆلیس پردێ کران، دوای لێکۆڵینەوەش دەرکەوتووە شەڕەکەیان تەنیا لەسەر 30 هەزار دینار بووە” عەقید عەلی وای وت.

ئەم کەسانە پێش ئەوەی بکەونە گیانی یەکتر مامەڵەیەکی کڕینی ماتۆڕسکیل لەنێوانیاندا هەبووە، بەڵام کڕیار 30 هەزاری کەوتووەتە لا و نەیداوە، ئیتر لەسەر ئەوە بووەتە ناخۆشییان.

گوندی سەربیر گوندێکی کوردنشينە و دەکەوێتە سەر رێگای کەرکوک – هەولێر و سەر بە ناحیەی پردێیە ، ئێستاش چەند خێزانێک لە نەتەوەی عەرەب لەو گوندە دەژین، کاری ئاژەڵ و شوانکارەيی بۆ ماڵەکانی ئەو گوندە دەکەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا