کارمەندانی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی نەمام بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکەن. فۆتۆ:فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی
لە سلێمانی بە مەرجی خزمەتکردن و پاراستن نەمام دابەش دەکرێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی نزیکەی 300 نەمامی بەسەر دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی ناو شار و دەوروبەری دابەش کرد و دەڵێت، بە چەند مەرجێک نەمامەکانیان پێداون.
شایی ئاوات، لێپرسراوی هۆشیاری و راگەیاندنی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، بە مەرجی خزمەتکردن و پاراستن، نەمامەکانیان بەسەر زیاتر لە 10 گەڕەکی ناو شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری سلێمانی دابەشکردووە.
“ئەم نەمامانە وەک بەشێك لە پڕۆژەی لە بری سەوزکردنە و لەو پڕۆژە بچوکانە وەرگیراون، کە رووبەرەکانیان لە 150 مەتر کەمترە و دوکانی ئاسایین و توانای سەوزکردنی 10٪ی دوکانەکانیان نییە”، شایی ئاوات وای وت.
بەڵێننامە بە هەموو ئەو ماڵانە پڕکراوەتەوە، کە نەمامەکانیان پێدراوە و دەبێت ئاودان و خزمەتکردنی درەختەکە لە ئەستۆ بگرن و نەهێڵن وشک بکات.
فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی ئەم هەڵمەتەی بەبۆنەی رۆژی ژینگەی کوردستان راگەیاندبوو، بەڵام رۆژانی دیکەش ناوبەناو لەم جۆرە هەڵمەتانە ئەنجام دەدەن.