شەوی رابردوو چی گوزەرا؟
ترەمپ بەمەرج هێرشەکانی بۆ سەر ئێران راگرت و زەیدیش دڵخۆشە بە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ تورکیا
شۆڕش قادری
ترەمپ رازی بوو لەپێناو کردنەوەی گەرووی هورمز هێرشەکان بۆ سەر ئێران رابگرێت و زەیدیش دڵخۆشە بە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ تورکیا، کورت و پوخت پێتان دەڵێن، شەوی رابردوو چی گوزەرا؟
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیاڵ: ئەمریکا تەیار و ئامادەیە تا بەو پەڕی هێزەوە و لە ئاست تیرۆری سەربازیی دژی ئێران بڕیار بدات، بەشێوەیەک کە لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمەوە نەبینراوە، سەرەڕای ئەوەش، ئێران و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوایان لێکردووین لە چواچێوەی رێککەوتننامەیەک کە لەسەری کۆکین، هەموو هێرشێک رابگرین، رێککەوتنەکەش کردنەوەی خێرا و تەواوەتی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران لەخۆدەگرێت.
ترەمپ: لەسەر ئەو داواکارییە و لەبەر بەرژەوەندیی داهاتووی جیهان و هەروەها مانەوەی ئێرانێکی ئاوەدان و خۆشگوزەران، رازی بووم هێرشەکان رابگرم، بەو مەرجەی بە خێرایی بگەینە رێککەوتنێک.
پێشتر ترەمپ وێنەی فڕۆکەیەکی جەنگی لە جۆری (F-15E Strike Eagle) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال دانابوو و بەردەوام هەڕەشەی وەشاندنی گورزی سەربازیی لە ئێران دەکرد.
پێش ئەو بڕیارەی ترەمپ، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوتا تورکەکەی هاکان فیدان کرد و میدیای ئێران رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەموو هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەخەنەگەڕ.
جگە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئێران چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دیکەی لە کاربەدەستانی وڵاتانی ناوچەکە وەک وەزیری دەرەوەی سعودیە و سوپاسالاری پاکستان ئەنجامدا.
میدیای فەرمیی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی وڵاتەکەوە ئاماژە بە شکانی بێدەنگیی تاران دەکات بەرامبەر بانگەشەکانی واشنتن، ئەوان دەڵێن، فەرماندە سەربازییەکانی ئێران نەک هەر داوای ئاشتییان لە ترەمپ نەکردووە، بەڵکو گۆڕەپانی جەنگ بە تاقە شوێنی یەکلاکردنەوەی ململانێکان دەزانن و قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا وەک هەوڵێک بۆ “باج وەرگرتن” لە وڵاتانی ناوچەکە دەبینن.
دوێنێ ئێوارە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلەی کرد و وتی، “رێگە نادەین خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانمان بەکاربهێنرێت”.
سەرۆک وەزیران رێنمایی هێزە ئەمنییەکانی کرد کە یاسا سەروەر بکەن، ئاسایش و سەقامگیری زیاتر بکەن، و بەرپرسیارێتیی خۆیان لە پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و پاراستنی مافی دراوسێیەتی جێبەجێ بکەن.
عەلی زەیدی بۆ رێککەوتنە نەوتییەکی نێوان عێراق و تورکیا: دەستکەوتێکی ستراتیژی گرنگە بۆ بەردەوامیدان بە هەناردەی نەوتی عێراق و بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان عێراق و تورکیا.
چەند رۆژێکە بەردەوام بوومەلەرزە کەرکوک و دەوروبەری دەهەژێنێت و کۆتا جاریش شەوی رابردوو هاوڵاتییان لە کەرکوک و چەمچاڵ پەیوەندییان بە 964ـەوە کرد و وتیان، هەستیان بە بوومەلەرزە کردووە.
دوای بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی مریشک لە چەند رۆژی رابردوودا بڕیارە ئەمڕۆ هەرزان ببێ و بەقسەی نازم عەبدوڵا، سەرۆکى کۆمەڵەى کێڵگە پەلەوەرییەکان، نرخی هەر کیلۆیەک مریشک دێتە نزیک 3000 دینار.