جووتیارانی گوندەکانی کۆمەڵگەی خاڵخاڵان داوای بەهاناوەچوون دەکەن
+964
شلێر سەعید – کۆیە
بارانەکەی دوو رۆژی رابردوو زیانی بە جووتیاران و رێگەی گوندەکانی کۆمەڵگەی خاڵخاڵان گەیاندووە، بەڵام تا ئێستا کەس بەهانایانەوە نەچووە، بەشێک لەو جووتیارانە بەمەبەستی نارەزایی گردبوونەوە و داوادەکەن رێگەی گوندەکانیان بۆ بکرێتەوە .
دوا نیوەڕۆی ئەمرۆ پێنجشەممە، هاوڵاتیانی گوندی جگیلە و کۆمەڵگەی قەرەناو لە رێگەی نێوان هەردوو گوندەكە گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ساز کرد، داوایان کرد رێگەی گوندەکانیان بۆ چاک بکرێت، کە بە هۆی ئەو باران و لافاوەی دوورۆژی رابردوو رێگەکە داخراوە، بەمەش ئەو جووتیارانەی کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان دەکەوێتە ئەم ناوچەیە دەڵێن ناتوانن بچنە سەر کێڵگەکانیان.
ئازاد عاسی، سەرۆکی شارەوانیی قەرەناو کە ئامادەی گردبوونەوەکە بوو، بە 964 وت، ئەوە لەدەسەڵاتی ئەواندا نییە و دەبێ ناحیەی شوان و پارێزگاری کەرکوک چارەسەری بکەن .
وتیشی، پێشتر سێ جار دەرخستە بۆ چاککردنی ئەو رێگەیە کراوە، بەڵام لەبەر زۆریی تێچووەکەی پەسەند نەکراوە.
964ئەوەی زانیوە، ئەو گوندانە سەر بە کۆمەڵگەی خاڵخاڵانن لە ناحیەی شوانی پارێزگای کەرکوک، ماوەیەکی زۆرە رێگەکەیان خراپ بووە و لەگەڵ هەر باران بارانێك رێگەکە بەهۆی قوڕولیتەوە دادەخرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا