8 رۆژە دوو هاوڵاتی شیلادزێ بێسەروشوێنن

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

دوو هاوڵاتی ناحیەی شیلادزێ ماوەی هەشت رۆژە بێسەروشوێنن، ئەوان بۆ گیای بەهارە رۆیشتبوون.

عارف عومەر تاهر و ئەحمەد حسێن حەسەن، ئەو دوو هاوڵاتیەی دانیشتووی ناحیەی شیلادزێن کە ئەوەی یەکەمیان تەمەنی 53 ساڵە و ئەوەی تریش 32ساڵ، هەفتەیەک پێش ئێستا بۆ گیای بەهارە چووبوونە ناوچەی مزوری ژوورو کە دەکەوێتە پشت چیای شیرینە.

رزگار عوبێد، بەرێوەبەری ناحیەی شیلادزێ بە 964 وت، ئەوان چوونەتە هەردوو گوندی تێل و شنگێل، بەڵام هەفتەیەکە هیچ هەواڵێکیان نییە، کەسوکاری ئەو دوو کەسە بۆ سۆراغیان پەیوەندی بە دەزگا ئەمنییەکانی دهۆکەوە کردووە.

رزگار عوبێد زیاتر دەشڵێت: ئەو ناوچەیە بەهۆی شەڕی بەردەوامی نێوان پەکەکە و تورکیا بووەتە شوێنێکی قەدەغەکراو، بۆیە هیچ زانیارییەکمان لەسەریان نییە و کە لە ژیاندا ماون یان بوونەتە ئامانجی بۆردومانی تورکیا، دەزگا ئەمنیەکان سەرقاڵی لێکوڵینەوەن”.

عارف عومەر تاهر و ئەحمەد حسێن حەسەن، خەڵکی کۆمەڵگای سیریێ سەر بە ناحیەی شیلادزێن.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق