پارێزگای دهۆک کارگەی چیمەنتۆی نییە

964+

زەید کۆچەر -دهۆک

لە پارێزگای دهۆک تا ئێستا هیچ کارگەیەکی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ نییە، بەوتەی سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەو پارێزگایە، بۆ دابینکردنی پێداویستی پشت بە چیمەنتۆی تورکی و کارگەکانی هەولێر و سلێمانی دەبەستن.

ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک بە 964ی وت “ماوەیەک بەر لە ئێستا ماددە سەرەتاییەکانی دروستکردنی چیمەنتۆ لە هەریەکە لە گوندەکانی بەریبەهار و سندوورێ لەلایەن کۆمپانیایەک دۆزرانەوە، بەڵام خەڵکی ئەو گوندانە رێگر بوون لەوەی کارگە لە گوندەکەیان دروستبکرێت بەبیانوی پیسکردنی ژینگە”.

ئەیاد حەسەن، ئەوەش دەڵێت: هاوڵاتیانی پارێزگای دهۆک، بۆ دابینکردنی چیمەنتۆ پشت بە هاوردەکردنی ئەو چیمەنتۆیە دەبەستن کە لە تورکیاوە دێت، هاوکات بەرهەمی شارەکانی هەولێر و سلێمانی تاڕادەیەک پێداویستی ئەو پارێزگایەی پڕکردۆتەوە.

سەرۆکی ژووری بازرگانی داوا لە دەستەی وەبەرهێنان دەکات، ئەو کێشەیە لە پارێزگای دهۆک چارەسەر بکات.

بەگوێرەی زانیاری بەردەست، پارێزگای دهۆک رۆژانە پێویستی بە هەزار تۆن چیمەنتۆ هەیە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی