10ساڵە بەنداوی سبنە لە بامەرنێ تەواو نەکراوە
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
ماوەی 10 ساڵە بڕیاری دروستکردنی بەنداوی سبنە دەرچووە، جارێک بەهۆی هاتنی داعش و جارێکیش ئەمجارەشیان بەهۆی نەبوونی پارە.
بەنداوەکە ساڵی 2013 بەردی بناغەی دانراوە و تەنیا 10 کیلۆمەتر لە ناحیەی بامەڕنێ دوورە، یەکێکیشە لەو چوار بەنداوە بچووکەی پارێزگای دهۆک کە ساڵی 2013 بڕی حەوت ملیار دیناری بۆ دابینکرا بوو.
بەنداوەکە پێشتر لە ساڵی 2014 بەهۆی دەرکەوتنی رێکخراوی داعش و قەیرانی داراییەوە، کارکردن تێیدا وەستا، بەڵام ماوەیەک پێش ئێستا کارکردن لە بەنداوەکە دەستی پێکردەوە.
ئەندازیار بێوار حامد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە 964ـی وت، هۆکاری وەستانی کارکردنی ئەمجارە لە پڕۆژەکە دەگەڕێتەوە بۆ پێ نەدانی پارە بە بەڵێندەر.
بێوار حامد دەشڵێت: تا ئێستا لە 43%ـی پڕۆژەکە تەواو بووە، ئەم بەنداوە بە گەورەترین بەنداو دادەنرێت لە سنووری ناحیەی بامەڕنێ کە توانای گڵدانەوەی شەش ملیون سێجا ئاوی هەیە.
میران عەبدولرەحمان، بەرێوەبەری ناحیەی بامەڕنێ بە 964ـی وت “هۆکاری دواکەوتنی تەواوبوونی بەنداوی سبنە بەهۆی ئەو دۆخەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هات بەتایبەت لە 2014 هاتنی رێکخراوی داعش و دواتر بڕینی بودجە، بەڵام حکومەت سوورە لەسەر تەواوکردنی بەنداوەکە، چونکە بە تەواوبوونی سوودێکی زۆر دەگەینێتە سنووری ناحیەی بامەڕنێ و دەوروبەری”.
964 دەزانێت بودجەی ئەم پرۆژە لەسەرەتای دانانی بەردی بناغەی نزیکەی حەوت ملیار دینار بوو، بەڵام کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بڕە پارەیەکی تری بۆ دابینکرد تا پرۆژەکە تەواو بکرێت.