11 پرۆژەی بواری ئاو لە دهۆک دێنە جێبەجێکردن

964+
هیڤی دێوالی- دهۆک

پرۆژه‌كانی ئاو له‌  دهۆك له‌سه‌ر دوو بودجه‌ی جیاوازدا جێبه‌جێ ده‌كرێن.

تۆڕی 964 ده‌زانێت، 11 پرۆژه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای دهۆك دێنه‌ جێبه‌جێكردن، دوو له‌ پرۆژه‌كان له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانه‌ و نۆ پرۆژه‌ی دیكه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی تایبه‌تی پارێزگایه‌.

كۆی پرۆژه‌كان به‌ گوژمه‌ی چوار ملیار و دووسه‌د ملیۆن دینار دێنه‌ جێبه‌جێكردن و پرۆژه‌ی ستراتیژی له‌خۆده‌گرن.

ڤەگێر ئەحمەد، بەرێوەبەری ئاو لە پارێزگای دهۆک به‌ تۆڕی 964ی وت، “دوو له‌ گرنگترین پرۆژه‌كانی دێنه‌ جێبه‌جێكردن، یه‌كێكیان پرۆژه‌ی “چه‌مبه‌ره‌كات”ـه‌ له‌ قه‌زای سێمێل بۆ عه‌مباركردنی ئاو، كه‌ نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2009 هاته‌ راوه‌ستان، پرۆژه‌كه‌ ره‌نگه‌ بتوانێت ئاو بۆ به‌نداوی دهۆك كۆبكاته‌وه‌ .

“پرۆژه‌كه‌ی دیكه‌ كه‌ گرنگه‌ و جێبه‌جێ ده‌كرێت، بۆڕییه‌كانی گواستنه‌وه‌ ئاوه‌ له‌ دهۆك و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری، كه‌ كۆنه‌ و له‌ 1980 دروستكراون، بۆیه‌ پێویسته‌ بۆڕییه‌ ئاسنه‌ كۆنه‌كان بگۆڕدرێن و بكرێنه‌ بۆڕی پۆلی ئاسلین”، ڤەگێر ئەحمەد وای وت.

تۆڕی964 دەزانێت ئه‌و پرۆژانه‌ی دیكه‌ی جێبه‌جێ ده‌كرێن، له‌ بواره‌كانی دابینكردنی عه‌مباری كۆنكرێت، كه‌لوپه‌لی یه‌ده‌گ بۆ عه‌مباری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاو، هه‌روه‌ها نۆژه‌نگردنه‌وه‌ی تۆڕه‌كانی ئاو و بیره‌كانی ده‌وروبه‌ری دهۆك و پاككردنه‌وه‌ی ئاوه‌.

ساڵی 2022 بودجه‌ی پرۆژه‌كان بۆ پارێزگای دهۆك چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار بوو، كه‌ تا ئێستا له‌ بواری جێبه‌جێكردندان، له‌ كاتێكدا له‌ 2021 بودجه‌ی پارێزگاكه‌ 800 ملیۆن دینار بوو.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا