بە رێژەی 50٪ لێخۆشبوون بۆ خوێندنی پارالێڵ دەکرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

ئەو خێزانانەى کە دوو خوێندکاریان لە سیستمى خوێندنى پارالێڵ وەرگیراون، بە رێژەى 50٪ لێخۆشبوون بۆ هەریەکەیان دەکرێت.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەمە لە فەیسبوکی خۆیان رێنماییەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنى دۆخى دارایى، لێخۆشبوون بۆ ئەو خێزانانە دەکرێت و بڕیارە ئەم داشکاندنە بۆ خوێندنی ساڵی 2023 – 2024 جێبەجێ بکرێت.

لە هەموو زانکۆ حکومییەکاندا، نزیکەی 24 هەزار خوێندکار بە سیستمی پارالێل دەخوێنن، بە پێی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا.

لە بارەی ئەو بڕە پارەیەی  بۆ پێشکەشکارانی ئەمساڵ بۆ پارالێڵ دیاریی کراوە، وەزیری خوێندنی باڵا رۆژی 29.3.2023 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “لە بەشێک بۆ بەشێکی دیکە دەگۆڕدرێت، بەڵام هەوڵمانداوە زۆر نەبێت و رەچاوی بارودۆخی دارایی پێشکەشکاران و خوازیارانی هەرێمی کوردستان بکرێت.”

وتیشی، “دەبێت ئەو تێگەیشتنەش راست ببێتەوە کە خوێندنی پارالێڵ خوێندنی پارە نییە، بۆ پارە نییە و من دژیم و ئێمە داماننەناوە، بەڵام جێگرەوەشی نییە، خوازیاربووین ئەمساڵ بمانتوانیایە هەڵیبوەشێنینەوە.”