لەگەڵ ئەوەی نرخەکەی بەرزبووەتەوە ژمارەی عومرەکاران کەمبووەتەوە

964+

فەهمی نەبی

نرخی گەشتی عومرە لە مانگی رەمەزان بەرزبووەتەوە و زوو زوو نرخەکەی دەگۆڕێت، ئێستا زیاتر لە 300 دۆلار جیاوازی هەیە لەگەڵ نرخەکانی بەر لە رەمەزان، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی عومرەکارانیش کەمبووەتەوە.

ئەگەر کەسێک بەر لە مانگی رەمەزان بیویستایە بچێت بۆ گەشتی عومرە نزیکەی هەزار دۆلار تێچووەکەی دەبوو، بەڵام ئەمڕۆ 5.4.2023 ئەگەر بتەوێت گەشتی عومرە بکەیت، نزیکەی هەزار و 300 دۆلار تێچووەکەی دەبێت.

نیاز شێخ باهیر، بەڕێوبەری گشتیی حەج و عومرە لە وەزارەتی ئەوقاف، گرانبوونی نرخی گەشتی عومرە بۆ زۆرتری کاتی مانەوەی عومرەکارە لە مەککە و مەدینە دەگەڕێنێتەوە، ئەو بۆ 964 وتی “بەر لە رەمەزان هەر عومرەکارێک 10 رۆژ دەمایەوە، بەڵام لە رەمەزان هەیە 20 رۆژ دەمێنێتەوە”.

نیاز شێخ باهیر ئەوەش دەڵێت “گرانبوونی نرخی گەشتی عومرە هیچ پەیوەندی بە رێکارەکانی حکومەتەوە نییە”.

حاجی سەروەر شێرزاد، خاوەنی کۆمپانیای زوار مەککە، بۆ 964 دەڵێت: گران بوونی نرخەکان پەیوەندی بە دووری و نزیکی هۆتێلەکان لە حەرەمی مەککە هەیە، جگە لەوە نرخی بلیتی فڕۆکە بەرز بووەتەوە، بە جۆرێک نرخی هەر گەشتێکی عومرە لە ئەمڕۆدا 300 دۆلار بەرزترە وەک لە نرخی پێشووتر.

بە وتەی حاجی سەروەر، ئەو نرخە لە مانگی رەمەزاندا هەندێک کات هەیە نرخەکەی بۆ نزیکەی 600 دۆلار بەرزبووەتەوە.

964 زانیویەتی رێژەی خواست لەسەر عومرە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ مانگی رەمەزان ئەمساڵ کەمبووەتەوە.

خاوەنی کۆمپانیای زوار مەککە پشتڕاستی ئەو زانیارییە دەکاتەوە و دەڵێت: بەر لە رەمەزان خەڵکێکی زۆر گەشتی عومرەی دەکرد، جگە لەوەش نرخەکان بەرز بوونەتەوە، خەڵک نایەوێت ئێستا بڕوات تا دوای رەمەزان، هۆکارێکی دیکە ئەوەیە خەڵک هەیە بە ئۆتۆمبێڵی خۆی گەشتی عومرە ئەنجام دەدات.