ئه‌مڕۆ نه‌ورۆز و دهۆك بۆ سه‌ركه‌وتن ده‌گه‌ڕێن
964+
ئه‌رسه‌لان عهبدولأ
له خولی نایابی عێراق بۆ تۆپی پێ گه‌ڕێكی دیكه‌ی یارییه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌ن، یانه‌كانی نه‌ورۆز و دهۆك چاویان له تۆماركردنی بردنه‌وه‌ی دیكه‌یه، به‌ڵام دهۆك كێشه‌ی هه‌یه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 2.4.2023 گه‌ڕی 22ی خولی نایابی عێراق به ئه‌نجامدانی چه‌ند یارییه‌ك ده‌ستپێده‌كات.
سه‌باره‌ت به یانه‌كانی كوردستان له خوله‌كه، یانه‌ی نه‌ورۆز له یاریگه‌ی سلێمانیدا رووبه‌ڕووی یانه‌ی سناعه ده‌بێته‌وه.
پرسیار عه‌بدولڕه‌زا یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ری یانه‌ی نه‌ورۆز به تۆڕی 964ی راگه‌یاند، ئامانجیان بردنه‌وه‌ی یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ و هه‌روه‌ها یاریی داهاتووه به‌رامبه‌ر زاخۆ، كه هه‌ردوو یاری له سلێمانی ده‌كرێن، بۆ ئه‌وه‌ی له ریزبه‌ندییه‌كه‌دا زیاتر بچنه پێشه‌وه.
نه‌ورۆز له پله‌ی 12یه به 26 خاڵ، یانه‌ی سناعه‌ش له پله‌ی 19 و پێش كۆتاییه به 13 خاڵ.
له یارییه‌كی دیكه‌دا، یانه‌ی دهۆك له شاری به‌غدا و له یاریگه‌ی شه‌عب رووبه‌ڕووی یانه‌ی نه‌فت ده‌بێته‌وه.
دهۆك یاریی رابردوو له خولی عێراق به 2-0 گۆڵ له دیوانییه‌ی برده‌وه، هه‌روه‌ها له جامی عێراقیش له یانه‌ی ئه‌لقاسمی برده‌وه و گه‌یشته قۆناغی 16.
بۆ یاریی ئه‌مڕۆ یانه‌ی دهۆك كێشه‌ی گه‌وره‌ی هه‌یه و به هۆكاری جیاجیا له هه‌شت یاریزانی بێبه‌شه، ئه‌وانیش “وه‌لید سه‌لمان، حوسێن نه‌جم، محه‌مه‌د عه‌باس، نورۆ سۆلی، سیابه‌ند عه‌گید، حه‌سه‌ن عیماد، ئه‌حمه‌د حه‌مید و مو‌سا شوكر”.
دهۆك له پله‌ی شه‌شه‌می ریزبه‌ندییه به 35 خاڵ، یانه‌ی نه‌فتیش له پله‌ی 18یه و 16 خاڵی هه‌یه.