“ده‌كرێ ژنى دووگیان سه‌رفیتره‌ى منداڵى ناوسكی بدات”

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى دیاریكردنى بڕى زه‌كات و سه‌رفیتره‌ و فیدیه‌ى ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن لیژنه‌ى فه‌تواى هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكى زانایانى دهۆك پێی وایه‌ ده‌كرێ ژنى دووگیان سه‌رفیتره‌ى منداڵه‌كه‌ى ناو سكى بدات، به‌ڵام ده‌ڵێت “ئه‌وه‌ فه‌رز نییه‌”.

جیهاد بێسفکی، سەرۆکى لقى دهۆكى یه‌كێتی زانایانى ئایینى ئیسلام، به‌ 964ـى راگه‌یاند، “كارێكی باشه‌ ئه‌گه‌ر ژنى دووگیان سه‌رفیتره‌ى ئه‌و منداڵه‌ بدات كه‌ له‌ناو سكیدایه‌، چونكه‌ ئه‌ویش رۆحه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، به‌ڵام دانى سه‌رفیتره‌ى منداڵى ناو سك شتێكی فه‌رز نییه‌، كه‌ دایكه‌كه‌ ناچار بكات بیدات، به‌ڵكو ده‌ڵێت “ئازاده‌ له‌وه‌ى  بیدات یان نا”.

جیهاد بێسفکی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات،  ئه‌وه‌ بۆچوونى تایبه‌تى خۆیه‌تى، به‌ڵام وتیشی “ئه‌و دایكه‌ خێرێكی گه‌وره‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر سه‌رفیتره‌ى ئه‌و منداڵه‌ى ناو سكی بدات”.

لیژنه‌ى فه‌تواى هه‌رێمی كوردستان رۆژى 27.3.2023، رێژه‌ى زه‌كات و سه‌رفیتره‌ و فیدیه‌ى ئه‌مساڵى دیاریی كرد، كه‌ ئه‌ندازه‌ دیاریكراو بۆ زه‌كات حه‌وت ملیۆن و 200 هه‌زار دیناره‌، ئه‌ندازه‌ى دیاریكراو بۆ سه‌رفیتره‌ بڕى سێ هه‌زارو 500 دیناره‌، ئه‌ندازه‌ دیاریكراویش بۆ فیدیه‌، كه‌ بڕى سه‌رفیتره‌ و فیدیه‌ى ئه‌مساڵ كه‌ پێویسته‌ بدرێت، سێ هه‌زار و پێنج سه‌د دیناره‌.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن