هیچ بڕیارێکی نوێ نییە

نەچی هەرلەخۆتەوە داوای دۆلاری 132 هەزار دیناری بکەیت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

هیچ بڕیارێکی نوێ نییە بۆ فرۆشتنی دۆلار بە نرخی دیاریکراوی بانکی ناوەندی بە هەر هاوڵاتییەک بیەوێت دۆلار بکڕێت، کە نرخی 100 دۆلار 132 هەزار دینارە.

دوێنێ چوارشەممە 29.3.2023 لە بەشێک لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان وابڵاوکرایەوە، هەموو هاوڵاتییەک دەتوانێت لە کۆمپانیا و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو دۆلار بەو نرخە دیاریکراوەی بانکی ناوەندی بکڕن.

بە پێی رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی تەنیا بۆ ئەو هاوڵاتییانەیە، کە بە مەبەستی گەشتکردن، چارەسەر و خوێندن لە دەرەوەی وڵات بە بەڵگەی فەرمی داوای دەکەن.

بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، هەر دوێنێ شەو لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی قسەی کردووە و هیچ بڕیارێکی نوێ نییە.

دەشڵێت؛ بەدەر لەو سێ هۆکارە، دۆلار بە نرخی فەرمی بە هاوڵاتیان نادرێت .