"نەیانهێشت بێباوکیم پێوە دیار بێت"

لە ئاهەنگى دەرچوونى دا؛ عەباکەی دا بە دایکی و کڵاوەکەشی خستە سەری نەنکی

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لە ئاهەنگی دەرچوونی پەیمانگای تەکنیکی کوردستان لە سلێمانی، محەمەد هیوا لە نێوان دوو ئازیزترین کەسی ژیانیدا وەستابوو،عەبای دەرچوونەکەی دابوو بە دایکی و کڵاوەکەشی خستبووە سەری نەنکی، وەک وەفایەک بۆ ئەو دوو کەسەی کە بە درێژایی تەمەنی جێگەی باوکیان بۆ گرتووەتەوە.
محەمەد بۆ 964 باسی لە هەستی خۆی کرد و وتی،”ئەمڕۆ هەموو هیلاکییەکانم بیر چووەوە و خۆشترین رۆژى ژیانمە و هەموو هیلاکى و ماندووبوونەکانم بیرچووەوە”.

ئەو گەنجە هۆکاری ئەو هەڵوێستەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە نەنکی و دایکی هۆکاری سەرەکیی بەدیهاتنی خەونەکەی بوون لەم رۆژەدا و هەرگیز نەیانهێشتووە بێباوکیی پێوە دیار بێت.
لە تەنیشتیەوە، هێرۆ جەلال، دایکی محەمەد هیوا، کە عەبای دەرچوونی کوڕەکەی بە شانەوە بۆ 964 وتى،”ئاواتەکەم هاتە دی بە هاتنەدیی ئاواتی کوڕەکەم، هەموو شتێکم کرد تا هیچ کەموکوڕییەکی نەبێت و لە هیچی کەم نەبێت”.
مەعسومە مەجیدى نەنکى محەمەد کە ژنێکى دنیادیدەیە، وێڕاى دڵخۆشى بە دەرچوونى نەوەکەى، بەڵام نەیشاردەوە کە تەنیا خەفەت لەوە دەخوات کە ئەمڕۆ محەمەد باوکى لەگەڵ نییە و وتى،” خۆزگە ئەمڕۆ باوکی لێرە بوایە و ئەم سەرکەوتنەی ببینیایە”.