دەگوازرێتەوە

بانکی دوکان سەرجەم مامەڵە بانکییەکانی رادەگرێ

ئەحمەد مستەفا

بانکی دوکان رایگەیاند، لە سبەی یەکشەممەوە 29.11.2026، سەرجەم خزمەتگوزاری و مامەڵە بانکییەکانی وەک داهات و خەرجی، پێشینەی مانگانە، پرۆژەکان، مۆڵەتی کۆکراوە، سەفەر و ئیفاد، تاقیکردنەوەکان، نەفەقەی دادنووس و کەفالەتی دادگا رادەگرێ.

بەپێی ئاگادارییەکە، سەرجەم هەژمارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکان، فەرمانگە حکومییەکان و هەژمارە کەسییەکان دەگوازرێنەوە بۆ بانکی بابان لە شاری سلێمانی.

تەنیا 5 چین نەبێت کە بە شێوەی کاتی مووچەکانیان لە ناو بینای بانکی دوکان وەردەگرن، تا کارتی هەژمار-من یان پێ دەدرێت لەوانیش:

کەسوکاری شەهیدان
خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان
خانەنشینانی پێشمەرگەی دێرین
خانەنشینانی هێزی 70
خانەنشینانی شارستانی

بەپێی ئەم رێکارە، دوای گواستنەوەی هەژمارەکان، خزمەتگوزارییە بانکییەکان بۆ ئەم هەژمارانە لە بانکی بابان بەردەوام دەبن.