لەسەرما رەقبووەتەوە

تەرمی هاوڵاتیەکی بیانی لە حاجی ئۆمەران دۆزرایەوە

+964

ئاکام غەفور-سۆران

تەرمی هاوڵاتیەک کە بە پێی ناسنامەکەی ئەفغانییە و لە دایکبووی 1989ـیە لە کوێستانەکانی حاجی ئۆمەران دۆزرایەوە، لەم مانگە ئەمە دووەم تەرمە کە لە حاجی ئۆمەران دەدزۆرێتەوە.

عەبدولوەهاب مەحمود بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران بۆ 964 وتی، تەرمی هاوڵاتیەکی بیانی لە کوێستانەکانی حاجی ئۆمەران دۆزراوەتەوە، بەڕێکراوە بۆ پزیشکی دادی جارێ بە رونی نازانن خەڵکی چ وڵاتێکە، بەڵام گومانەکان بۆ ئەوەیە وەک ئەو تەرمەی تر بێت کە هاوڵاتیەکی پاکستانی بوو، ویستبووی بە قاچاغ بە سنوورەکەدا تێبپەڕێت، لە سەرما گیانی لە دەستدا بوو.

وتیشی، تەرمەکە کۆنە و بەهۆی بۆنی تەرمەکە چەند شاخەوانێک لە نزیک کوێستانەکانی مێرگەدرێژان تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە.

لە بەرواری 7.11.2026 بە هەمان شێوە تەرمێک دۆزرایەوە کە هاوڵاتیەکی پاکستانی بوو تەمەنی 32 ساڵ بوو، بەپێی قسەی بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران، ویستبووی بە قاچاغ بێتە ناو خاکی هەرێم بەڵام لەسەر سنوور بەهۆی سەرما و بەستەڵەک گیانی لە دەستدا بوو.

پێداچوونەوە: توانا نەقی