"حەواڵەی دەرەکی ئاسان بکەن"

بانکى ناوەندى بۆ بانکەکان: دەبێت هەژمار بۆ بازرگانە بچووکەکان بکەنەوە

964+

وریا فەتاح

بانکی ناوەندیی عێراق ئەمڕۆ شەممە 28ی تشرینی دووەمی 2026، سەرجەم بانکەکانی پابەند کرد بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ بازرگانە بچووکەکان و ئاسانکاریکردن بۆ حەواڵەی دەرەکی، هاوکات هۆشداریی سزای دارایی دەداتە هەر بانکێک کە پابەند نەبێت.

بەپێی راگەیەندراوێکی بانکی ناوەندی، نزار ناسر حسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بانکی (TBI) و بانکە تایبەتەکان، جەختی کردەوە کە نابێت بانکەکان رەتیبکەنەوە خزمەتگوزاریی بانکی پێشکەش بە بازرگانە بچووکەکان بکەن و دەبێت رێکارەکانی کردنەوە و کاراکردنی هەژمارەکان ئاسان بکرێن.

پارێزگاری بانکی ناوەندی هۆشداریشی دا کە رێکاری چاودێری و سزای دارایی بەرامبەر هەر بانکێک دەگیرێتەبەر کە سەرپێچی رێنماییەکان بکات یان بە ئەنقەست مامەڵەی بازرگانان دوابخات و پەکی بخات. هەروەها دەسەڵاتی بانکەکان بۆ ئەنجامدانی حەواڵەی دەرەکی زیاد دەکرێت و بانکی ناوەندیش پابەند دەبێت بە دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی پێویست بۆیان.

بانکی ناوەندی داوا لەو بازرگانانە دەکات کە مەرجەکانیان تێدایە، بەڵام بەبێ هۆکاری یاسایی رێگرییان لێ کراوە هەژمار بکەنەوە یان مامەڵە و حەواڵەکانیان دواخراوە، لە رێگەی پلاتفۆرمی فەرمیی سکاڵاکانی بانکەکەوە سکاڵا تۆمار بکەن بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بەرامبەر بانکەکان بگیرێتەبەر:
https://complaint.app.cbi.iq

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئامانج لەم رێنماییانە فراوانکردنی مامەڵەکردنە لە رێگەی کەناڵە بانکییە فەرمییەکانەوە و گەیشتنی دادپەروەرانەی هاووڵاتیانە بە خزمەتگوزارییە بانکییەکان