"هیوایەت و حەزی ناو دڵت لەگەڵ پیشەدا جیاوازن "
نیاز محەمەدی میوزیسیان لە بەریتانیا بڕوانامەی باڵای بزنسی بەدەستهێنا
بڵند عەلی – بەریتانیا
نیاز محەمەد، ژەنیاری ناسراوی کورد لە بەریتانیا، لە پاڵ کارە هونەرییەکانیدا رووی کردە خوێندن و توانی لە زانکۆی شا ئێجوکەیشن بڕوانامەی دیپلۆمی باڵا لە بواری بزنسدا بەدەستبهێنێت.
ئەو میوزیسیانە کوردە کە لە زۆربەی کارە هونەرییەکانی هونەرمەندانی بەریتانیادا بەشدارە، لەبارەی هەنگاوە نوێیەکەیەوە بە 964ـی وت، “هەندێک جار هیوایەت و حەزی ناو دڵی خۆت لەگەڵ پیشەدا جیاوازە، راستە من چەندین ساڵە وەک هونەرمەند و ژەنیارێک ناسراوم، بەڵام خوێندن لە بواری بزنسدا یەکێک بوو لە حەز و ئاواتەکانم و هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ میوزیکدا حەزم لە کارکردن بووە”.
وتیشی، قۆناغی یەکەمی بەشی دیپلۆمی بواری بزنسم بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە و هیواخوازم لە داهاتوودا پەرەی زیاتری پێبدەم بۆ قۆناغەکانی دیکەی خوێندن.
سەبارەت بەوەی ئایا تەمەن رێگرە لە بەردەم خوێندندا؟ ئەو موزیسیانە بە راشکاوی دەڵێت، “بە هیچ جۆرێک رێگر نییە، هەر ئەوەندە هێزت تێدا بێت، لەشت تەندروست بێت و مێشکت کار بکات بەسە، ئیتر خوێندن پەیوەست نییە بە تەمەنەوە”.