دوو پیاوی جوانی شار لەگەڵ دیمەنی سلێمانی

پرۆژەی هونەرییان بەدەستەوەیە

دیلان محەمەد- سلێمانی

شاعیر و مامۆستای زانکۆ، د. فەرەیدون عەبدول بەرزنجی، و هونەرمەندی گۆرانیبێژ، هونەر حەمە جەزا، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ 964 باسی پڕۆژەیەکی هاوبەشی چەند گۆرانییەکیان کرد.

فەرەیدون عەبدول بەرزنجی لەبارەی پڕۆژەکەوە رایگەیاند، کار لەسەر کۆمەڵێک شیعری نوێ و هەندێک هۆنراوەی پێشووی دەکات کە نەکراونەتە گۆرانی یان لە دیوانەکاندا بڵاونەکراونەتەوە، بەو هیوایەی بە دەنگی هونەر حەمە جەزا بکرێنە گۆرانی و ببنە یادگارییەکی تایبەت بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی یادەوەری و دەنگی هونەرمەندی کۆچکردوو حەمە جەزا، هاوکات ستایشی سلێمانی کرد و وتی، شارەکە لە زۆر بواردا، بەتایبەت ئەدەب و هونەر، پێشەنگە و هەموو وەرزەکانی جوانن، هیواشی خواست لە داهاتوودا گرنگی زیاتر بە لایەنە جوانەکانی بدرێت.

هونەر حەمە جەزا ئاماژەی بەوە کرد کە ئاوازدانان و مۆسیقا بەپێی سروشت و مانا و رۆحییەتی شیعرەکان دیاری دەکرێت، بۆیە دوای هەڵسەنگاندنی هۆنراوەکانی د. فەرەیدون و گونجاندنیان لەگەڵ دەنگ و مەقام و ستایلی خۆیدا، کاری ئاواز و مۆسیقایان بۆ ئامادە دەکات.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح