چەندین بەشی نەشتەرگەری دەستیان بە ئیش کردەوە

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێری پایتەخت تازە کرایەوە

شۆڕش قادری

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێری پایتەخت تازە و نوێ کرایەوە و  بەشەکانی نەشتەرگەری قورگ و لووت و گوێ و نەشتەرگەری جوانکاری و ڕێککاری دەستیان بە ئیش کردەوە.

راگەیاندن و پەیوەندییەکانی نەخۆشخانەی فێرکاری رزگاری ڤیدیۆیەکی تازەی نەخۆشخانەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، بەشی نەشتەرگەری جوانکاری و رێککاری و نەشتەرگەری قورگ و لووت و گوێ لە نەخۆشخانەکە، دوای تەواوکردنی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنی تەواوی پێداویستییەکان، دەستی بە کار و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کردەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بەشە یەکێکە لەو بەشانەی کە بە شێوازێکی بنەڕەتی و بە پێی ستانداردە نوێیەکانی جیهانی نۆژەن کراوەتەوە، لە نۆژەنکردنەوەی بناغە و ژێرخانەوە تا دابینکردنی کەلوپەلی پزیشکی و تەکنیکە ئەندازیارییە نوێکان.

لە نۆژەنکردنەوەکەدا سیستەمی تایبەتی پاککردنەوە و گۆڕینەوەی هەوا (Air Fresh Air / Ventilation System) دانراوە کە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە دابینکردنی ژینگەیەکی پاک و کۆنترۆڵکراوی هەوا لە هۆڵەکانی نەشتەرگەری و کەمکردنەوەی مەترسی پیسبوونی هەوا و کۆنتڕۆڵکردنی هەوکردن.

هەرچەندە پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەکە ماوەیەکی درێژی خایاند و بووە هۆی چاوەڕوانی هاوڵاتیان، بەڵام ئەم ماوەیە بۆ گەیشتن بە ئاستێکی بەرزتر لە خزمەتگوزاری و ئامادەکردنی بەشێک بە تەواوی نوێ و مۆدێرن تەرخان کرا.

وەک دەڵێن، ئێستا بە پشتبەستن بە پزیشکانی پسپۆڕ و ستافی تەندروستی شارەزا، جۆرەکانی نەشتەرگەرییە تایبەتمەندەکانی قورگ، لووت و گوێ و خزمەتگوزارییەکانی نەشتەرگەری جوانکاری و رێککاری لەو بەشەدا پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێن و جۆرەها نەشتەرگەری دەگمەن لەسەر ئاستی عێراق و ناۆچەکەشی لێ ئەنجام دەدرێت.