سکۆتلەندا

چەرخی فالکیرک؛ ئەو شاکارە ئەندازیارییەی گەشتی رۆژێکی تەواوی کورتکردەوە بۆ 4 خولەک

بڵند عەلى- سکۆتلەندا

لە سکۆتلەندادا بەرزکەرەوەیەکی ناوازە هەیە کە لە تەواوی جیهاندا هاوشێوەی نییە. “چەرخی فالکیرک”، کە تاکە بەرزکەرەوەی خولاوەی بەلەمە لە جیهاندا و بە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین داهێنانە ئەندازیارییەکانی سەردەم دادەنرێت.

ئەم شاکارە کە لە ساڵی 2002ـدا کرایەوە، هەردوو نۆکەندی سەرەکیی (Forth and Clyde) و (Union) بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە جیاوازیی بەرزیی نێوانیان نزیکەی 24 مەترە.

پێش دروستکردنی ئەم چەرخە، پەڕینەوەی بەلەمەکان لە نێوان ئەم دوو نۆکەندەدا پرۆسەیەکی درێژ بوو، بەلەمەکان ناچاربوون بە 11 دەروازەی ئاویدا تێپەڕن، کە نزیکەی تەواوی رۆژێکی دەخایاند. بەڵام چەرخی فالکیرک ئەو ماندووبوونەی کۆتایی پێهێنا و ئێستا تەنیا بە سووڕانەوەیەکی 180 پلەیی، لە ماوەی 4 بۆ 5 خولەکدا بەلەمەکان بەرز دەکاتەوە و دەیانگوازێتەوە بۆ نۆکەندەکەی دیکە.

سەرسوڕهێنەرترین نهێنیی ئەم چەرخە تەنیا خێراییەکەی نییە، بەڵکو ئەو وزە کەمەیە کە بەکاری دەهێنێت.

چەرخەکە بۆ هەر خولانەوەیەک تەنیا 1.5 کیلۆوات/کاتژمێر کارەبا خەرج دەکات، کە هاوتایە لەگەڵ بڕی کارەبای پێویست بۆ کارپێکردنی قاپشۆرێک یان کوڵاندنی 8 کتری ئاو.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح