ورد و درشت

لە بەیانییەوە تا ئێوارە چى روویداوە؟

964+

ژوورى هەواڵ

هەر لە کاتژمێر 9ـی بەیانییەوە تا 5ـی ئێوارە هەرچی هەواڵێکی گرنگ لای خۆمان و لە دەرودراوسێ و دنیا روویداوەو لێرە بۆمان کۆکردوونەتەوەو کورت و پوخت پێتانی دەڵێین.

جا هەموو رۆژێک بەیانی و ئێوارە ئەم بڕگەیەمان هەیە، بە چەند خولەکێک ئاگاداری هەموو شتێک دەبن.

هەواڵی باش و راست خەڵک ماندووکردنی ناوێت، فەرموون ئەمە پوختەکەیە:

📌 لە سلێمانی بۆ رێگرتن لە قەرەباڵغی نۆرەی غاز، دابەشکردنی غاز لە وێستگەکان جیاکرایەوە، چوار وێستگە تەنیا بۆ غازی ئۆتۆمبێل و حەوت وێستگەش تەنیا بۆ غازی ماڵان دیاریکران.

📌 رەنج پشدەری چالاکوانی کۆچبەران لە ئەوروپا بە 964ـی وت: تەرمی گەنجێکی کورد لە تورکیا دۆزرایەوە کە لە ئاودا خنکاوە، تەنیا لەم مانگەدا تەرمی زیاتر لە 30 کۆچبەر دۆزراونەتەوە و زۆرینەیان کوردن.

📌 نرخی زێڕ ئەم بەیانییە لە بازاڕەکانی خۆمان دابەزینی زیاتری تۆمار کرد، ئەمڕۆ هەر مسقاڵێک زێڕی عەیارە 21 نرخەکەی 875 هەزار دینار بوو، شەممەی پێشوو ئەم کاتانە 943 هەزار بوو، مسقاڵی عەیار 18 ئەمڕۆ بە 750 هەزار دینار بوو.

📌 دوای ئاژاوەکەی نێوان هاندەرانی دهۆک و هەولێر، موقەدەم کیفاح حەسەن وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ بە 964ـی وت: قسەیان لەگەڵ پۆلیسی دهۆک کردووەو پێیان وتوون لە کامێرای چاودێرییەوە شەڕکەرەکان دەدۆزنەوەو دەیاندەنە دادگا، دوێنێ لە یاری کلاسیکۆی دهۆک و هەولێر لە ناو یاریگای دهۆک ئاژاوەو پشێوی دروست بوو، بریندار هەیە.

📌 لە باکووری کوردستان سەعات چوار یارییەکەی ئامەد سپۆرو ریزا سپۆر لە یاریگای ئامەد دەستی پێکرد، هاندەرانی یانە کوردییەکە بە جلی کوردی و دەفلێدان و وتنەوەی دروشمی “زمانمان شەرەفمانە” یاریگایان پڕ کردووە. گێمی یەکەم ئاماد بە گۆڵێک لە دواوەیە.

📌 دوای 12 ساڵ لە داخرانی، ئەمڕۆ شەممە ئەو پردە کرایەوە کە دەکەوێتە سنووری ناحیەی جورف سەخر، پردی (فازیلییە) بابل و بەغدا پێکەوە گرێ دەداتەوە، هەر ئەمڕۆ رێی لەتیفییە، جورف سەخر، کەربەلا کرایەوەو زەیدی فەرمانی دەرکردووە هەموو رێگاکانی جورف سەخر بکرێنەوە.

📌 هەرچەندە وا راگەیەندرا کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە تەواوی جورف سەخریان کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی دەست 964 کەوتوون، هێشتا چەکدارەکانی حـ.ــیز*بو*ڵا لە چەند شوێنێکی هەستیاری ناحیەکە کۆنترۆڵیان لە دەستدایەو نەکشاونەتەوە.

📌 تادێی ژمارەی بەرکەتووانی رووداوەکەی وێستگەی کارەبای هارسە لە بەسرە زیاد دەکات، تازەترین ئامار کە وەزارەتی تەندروستی عێراق بڵاویکردووەتەوە دەڵێ 46 کەس بریندار بوون و کوژراوێک هەیە.

📌 شەوی رابردوو ئاگرێکی گەورە لە وێستگەی کارەبای هارسە لە باکووری پارێزگای بەسرە کەوتەوە، زانیارییە سەرەتاییەکان ئەوەیە کە بە هۆی تەقینەوەی سیستەمی غازەوە ئاگرەکە روویداوە.

📌 مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران تیمێکی تەلەفزیۆنی سەداو سیمای ئێرانی بردە ناو نوسینگەکەی و دەڵێت گەرەمکەرەوەو رووناکی هەڵنەکردووە، داوا لە خەڵکی ئێران دەکات بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە دەست بە کارەباو سوتەمەنییەوە بگرن.

📌 سوپای ئێران دەڵێت: لە رێی هەڵدانی موشەکێکی بەرگری ئاسمانییەوە زیانیان بە فڕۆکەیەکی F16ـی ئەمەریکی گەیاندووە، بەڵام وردەکاری زیاتریان نەداوە.

📌 ماڵپه‌ڕی ئه‌لمۆنیتۆر رایگەیاند، بنیامین ناته‌نیاهۆ، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل پێشنیارێکی تازەی هێرشکردنەسەر ئێرانی داوه‌ته‌ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا.

📌 زیلینیسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، پردی قرم کە نیوەدوورگەی قرم بە روسیاوە گرێ دەداتەوە تا ماوە سەلامەت نابێت، ئەمەش وا لێکردرایەوە کە ئۆکرانیا زنجیرەیەک هێرشی دیکەی بەدەستەوە بێت بۆ سەر رێگاکە، پاش ئەوەی هەفتەی پێشوو بە چەند هێرشێکێک بەشێکی رێگاکەی داخست.

📌 زیلینسکی داوای کۆمەکی زیاتر لە ئەوروپا دەکات، دوای ئەوەی روسیا هێرشێکی چڕی کردە سەر شاری کریڤی شادەماری پیشەسازی ئۆکرانیا.

📌 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.7 پلە به‌ پێوەری رێخته‌ر و بە قووڵایی 129 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای شاری جونین لە ناوەڕاستی پیرۆ روویدا، بە وتەی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە: بوومەلەرزەکە زیانی ماددیی هەبووە، بەس گیانی نا.

📌 بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵیی (CNN)ـی ئەمریکی کە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستوویەتییەوە، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە سەبارەت بە ئەگەری دزەکردنە ناو داتابەیسە نیشتمانییەکەی تایبەت بە زانیارییە تاوانکارییەکان. ئەم داتابەیسە بە سەرچاوە و شادەمارێکی سەرەکی دادەنرێت کە دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا لەسەر ئاستی فیدراڵی، ویلایەتەکان و ناوخۆیی پێکەوە دەبەستێتەوە.